زۆرجار لەخۆم دەپرسم؛ باشە چۆن ٤٠ ساڵ بەر لە ئێستا کە خێزانێک کەمتر لە ٥ منداڵی نەبوو، ئەگەر ٨-١٢ منداڵیش نەبوایە، ئیدارەی بەخێوکردنی ئەو ژمارە گەورەیەی منداڵیان کردووە؟ لەلایەک دەوام، لەلایەک مەسرەف، لەلایەک ڕاکردن بەدوای خانوو و تەندروستی و خوێندنی منداڵ و ١٠٠١ بەرپرسیارەتی تر وەک سەربازی و کێشەی سیاسی و چەوساندنەوە؟ باشە چۆن لە ٧ منداڵ ٢ دکتۆر و ٢ ئەندازیار و ٢ مامۆستا و فەرمانبەرێکی سەرکەوتوو دەرچوون بەبێ دەرسی خصوصی و لە چەند کۆنە مەکتەبێکی پیسی ناخۆش؟ لەکاتێک هەمووان دەزانین زمانی سزا گڤەی نەعل و صۆندە و شوڕکە هەنار بووە؟ یەک کاتژمێریش نەدەهاتن سەعیان پێبکەن و کاسبیشیان پێدەکردن و چی ئیشی قورس و گرانیشە بەملی مندالەکانیان دادەدا؟
یەکێک لە نهێنیەکانی تەحەمولکردنی نان و مەسرەفی ٧ منداڵ بە ٢ معاش (لەباشترین حالەت) کە تەنەکە رونێک و ٥ کیلۆ شکر و ٥ کیلۆ برنج و ٢ فەردە ئاردی بەئەستەم پێدەهات، کە لەوانەبێت ٣ لەو منداڵانە لەزانکۆ لە شارێکی دیکە بخوێنن، بریتیە لە سەرف نەکردنی پارە لەشتی ناپێویست. واش نەزانن پێش ئابلوقەی ئابوری معاشی خەلک لە ئێستا باشتر بوو. بە ٢ موچەی دایک و باوکی فەرمانبەر، یەڵا دەکرا هەفتەی جاریک گۆشت بخۆن یان دووجار برنج (تکایە ناوقەدیان ببینن: https://lnkd.in/eMd2Rmp5 ئەوە هی کەسانێکە هەموو رۆژ برنج و گۆشت بخۆن یان نان و شوتی؟)! زۆر ئاسایی بوو جلی برای گەورە دوای ١٠ ساڵ لەبەر برای بچوک ببینی. زۆر ئاسایی بوو خێزانێک ٢٥ ساڵ یەک فەرش بەکار بهێنن یان یەک تاخمی کەوەنتەر یاخود تاخمی دانیشتن دوای ئەوەی تەعاروفیان لەگەڵ چی وەستای شار دەکرد ئەوجا تەقاعود دەکران. کەسیش لەبرسان نەمرد و زۆر دەگمەن یەکێک لەو ٧ مناڵە بەجل و بەرگی نەشیاو ببینرێت. ئەی کەواتە بۆ خێزانێکی ٤ کەسی دایک و باوکێکی معاش ٥٠٠٠دۆلاری بە ٢ منداڵەوە ئێستا پەشۆک و سەرلێشیواون؟ باوک رادەکا و دایک رادەکا و لەباشترین مەکتەب یەکی بە ٢٠٠٠-٣٠٠٠ دۆلار داخلیان دەکەن، بە سەیارە دەیانهێنن و دەیان بەن، باشترین جلیان لەبەر دەکەن، باشترین پیلاو، باشترین ئایپاد و... هتد.
ئەوەی من دەیبنم لە کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی ئێستا بریتیە لە جۆرێک لە کۆیلایەتی دایک و باوک بۆ منداڵەکان. وەک ئەوەی منداڵەکان سەروەربن و ئەوان خزمەتکار. من ناڵێم پەروەردەی ئەو سەردەمەی ئێستا تێکڕای هەلەیە و ئەوەی رابردوو تێکڕای ڕاستە. بەڵکو لەگەڵ زۆرێک لە بنەچەکانی پەروەردەی ئەو سەردەمەی ئیستام. بەڵام نەگاتە ئەو ئاستەی منداڵەکان ببن بە سەرکار و دایک و باوک ببن بە خزمەتکار. هەموان بەیەکەوە خزمەتی یەکدی بکەن زۆر جوانە. نەک منداڵ ١٨ سعات دابنیشێت لەسەر ئایپاد و بەتۆپزی بیهێنیتە سەر خوانی نان و دواتر داوای کوپێک ئاوی لێبکەی مۆڕەت لێبکات.
چاوەڕێش مەکەن دواتر یارمەتیدەربن بۆت چونکە فێرت نەکردوون یارمەتی خۆیان بدەن، چۆن یارمەتی تۆ بدەن؟ ئەوان پاشایی فێرکراون و تۆش وەک خزمەتکاری هەمیشە ئامادە خۆت پێشان داوە. بەزمانێکی کەمێک رەقتر: کۆیلە!