لەسەر گیانی ژەهراوی گەنجان

ڕێژەیەکی یەکجار بەرزی گەنجان لە هەرێمی کوردستان توشبووی نەخۆشیەکی کۆمەڵایەتی-دەروونین کە پێی دەڵێم: گیانی ژەهراوی 


گیانی ژەهراوی: ئەم زاراوەیە ئاماژەیە بۆ بڵاوبوونەوەی هەڵوێست و ڕەفتار و بیرکردنەوەی نەرێنی لە نێو گەنجاندا، کە زۆرجار بە سینیزم (هەڵوێستێک کە بە بێمتمانەیی گشتی بە پاڵنەرەکانی ئەوانی دیکە) و ناڕەزایی و بیرکردنەوەی ڕەش ناسراوە.


ئەوان هەمیشە بیانوەک بۆ کەمتەرخەمیەک یان بەرەوپێش نەچوونی خۆیان دەدۆزنەوە و وزەیەکی نەرێنی سەرتاپای گیانیانی داگیرکردووە. هەمیشە ئامادەن بۆ کۆمینتێک کە تانە لەلایەنی بەرامبەر بدات. گلەییم نیە لەوەی هۆکار زۆرن. ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە کەوا زۆر میدیای ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هەن بەمەبەست یان بەگێلی هۆکارێکی مەزنن بۆ چاندنی باوەڕێک کەوا کوردستان دۆزەخێکی گەندەڵیە. هەتا حەدی بەرپرسانی باڵادەست ڕاستە. بەڵام کێشەکە لەوەیە ئەو میدیا نەرێنیانە خەڵکی دیکە بەشتێک تۆمەتبار دەکەن کە ئەگەر لەوان خراپتر نەبن لەوان باشتر نین. زۆرێک لەسەر مامەڵەکردن بە سۆزی ئەو گەنجانە خۆیان دەوڵەمەند کرد و دوای ئەوەش خۆیان دزیەوەو ئێستا کوڕ و کچەکانیان شاهانە دەژین. کە کێشەیەکتان پێ چارەسەرناکرێت، بۆ بە کێشەیەکی گەورەتری دەگۆڕنەوە؟ مەگەر لەسەر حسابی توڕەیی و بێچارەیی ئەو گەنجانە وەبەرهێنان نەکەن؟


گیانی ژەهراوی دەست و پێی گەنجانی کوردستانی کەلەپچە کردووە. گیانی بەزینیش دەمێکە هەزارانی لەوان لە کافتریاکان و لەماڵ بەند کردووە. توڕەن، هۆش دزراون، خەمۆکین، دەستیان ناچێتە یەک کار. دیاردەیەکی دەنگین. تەواو تەخدیرکراون بە هزرێکی ڕوخێنەر کەنەک تەنها خۆیان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەلکو شیرازەی خانەوادەکانیش دەخەنە مەترسی. ئەو میدیا روخێنەرانە دەیانگەێینە دەرەنجامێک کەوا کوردستان هی ئەوان نیە. بە ناڕاستەوخۆ بەرپرسن لە بە دەریادادانی ئەوان و بەویستی خۆیان کەڕامەتی خۆیان بشکێنن لە هەندەران.


بەداخەوە، بەخۆیان ڕانەگەن، کەس پێیان ڕاناگات و هەر خۆشیان زەرەرمەندی سەرەکین. ئەوان خوێندنەوەیەکی ناواقیعیانەیان لەسەر ژیان بەگشتی پێدراوە و وادەزانن کەوا کوردستان دەبێت وەک سوید یان نەرویج بێت لەلایەنی عەدالەت و نەزاهەی سیاسیەوە بەڵام لێیان دەشارنەوە کەوا کوردستان چیە و لەچ جوگرافیایەکی ناحەز دەژیت، چ کۆمەڵگەیەکی هەیە کە هەتاکو ئێستا فەخر بە عەشیرەت و تیرەکەی دەکات و هەتا ١٩٨٠ش نیوەی حەمامی نەبوو لەماڵ و هەتا ١٩٦٠ش سێ لەسەر چواری ئاودەستی نەبوو و لەهەمان کاتیشدا سوید و نەرویج دەستیان بە شۆڕشی ٣ی پیشەسازی کردبوو و ئێستاشی لەگەڵ بێت کوردستان دەستی بە شۆرشی پیشەسازی یەکەم نەکردووە نەک شۆڕشی ٣. جیهانی رۆژئاوا بیر لە شۆڕشی ٥ دەکاتەوە.


ئامۆژگاری سەرەکی لێرە ئەوەیە: تەنها ٢ هەفتە لەو میدیا ڕوخێنەرانە دووربکەوە. لایکی ئەو لاپەڕە کۆمەڵایەتیە نەرێنیانە لاببەن، بزانن چۆن هەست بە پاڵنەرێکی ئەرێنی دەکەن. کەسانی پشت ئەو تەمە ڕەشە سیاسیە ئینتهازیە بەکارتان دەهێنن و خۆیانیان پێ دەوڵەمەند دەکەن دواتر لەخەمۆکی خۆتان بەجێتان دەهێڵن و ئاڵودەتان دەکەن بەگیانی ژەهراوی ڕق و بیتاقەتی و سوکایەتی کردن بەهەموو شتێک. دەرەنجام دەخنکێی و تاقەتت نامینێ دەستت بۆ هەر شتێک ڕابکێشی کە دەیەویت لەخنکان ڕزگارت بکات. لەبیرت نەچی هەمووی بەدەست خۆتە! هەتاکو کەی دەتەوێت باجی هەڵەیەک بدەیت کەخۆت بەرپرس نی لێی. ئاوڕێک لەژیان و بەرەپێشچونی خۆت بدەیەوە باشتر نیە لە نەرێنیەک کەهیچ ناگۆڕێت. ئەگەر دەیگۆڕێت، خۆشحاڵ دەبم منیش لە یانەی نەرێنیەکان بکەنە ئەندام.

خەڵکی کوردستان بۆ هەمیشە توڕە و دڵگرانە؟