لەسەر گیانی بەزین


**** گیانی بەزین ****
**** Defeatism Spirit ****

گرێیەکی شێرپەنجەیی لە هزری هەر تاکێکی کۆمەلگەی خۆمان و بەتایبەتی لەنێو گەنجان بریتیە لە تەشەنەی گیانی بەزین لەناخمان. ئەو گیانی بەزینە فرێدانی چەکی هەوڵدانە لەئاستی تاک، کە تەسلیمبونی میللەتێکی بەئاسانی لێدەکەویتەوە.

ئەگەر بەووردی سەیری تازیەک بکەین بۆنمونە، دەبینین پیاوان پۆل پۆل رادەکەن بۆئامادەبوون لە تازیە بەبیانوی ئەوەی ئەوە واجبێکی ئەخلاقیە کە لەراستیدا لەوانەیە زۆربەی ئەوەی کە ئامادەدەبن لەتازیەکە لەژیانیان یەک چارەگ پەیوەندیەکی راستەوخۆیان نەبووە لەگەل مردووەکە. بازنەیەکی بەردەوام لە لەخۆدان و هاوارکردن و چاوەرێکردنی مردن. ئامادەباشبوونێکی تۆماتیکی لەناخی تاک درووسبووە کەوا لەبەردەم هەر ئاستەنگێک بژاردەی بەزین و راکردنی تیدابێت.

هۆکارە هەرەسەرەکیەکانی گیانی بەزین بریتین لە:

یەکەم: سیستەمی پەروەردە کە تاسەرئیسقان رۆڵی قوتابی لە بیرکردنەوەو وروژاندنی پرسیاری سەربەخۆ و ئازاد دەچەوسینیتەوە. ناهێلێت منداڵ پرسیاری گەورە بکات. ئەو زانستە/دینەی لەپرسیارکردنیش بترسێت، بێگومان بە کە خەلەلێکی هەیە و دەبیت راستبکرێتەوە. کە ناهێڵی راستی بکەیەوە، مندال و قوتابی لەسەر ئەو فۆبیایەی دەستبردن بۆ ئەوانە دەتۆقیت و تەسلیم دەبیت. خێزان و کۆمەلگە گیانی ئازادی تیرۆر دەکەن ودەیکەن بە کۆیلەیەک وەک خۆیان.

دووەم: سیستەمی دینی کە کە پشت بە تیگەیشتنیکی دیاریکراو دەبەستێت کە دەرەنجامەکەی بریتیە لەوەی کەوا مرۆڤ لەسەر نیوچەوانی نوسراوە وئەوەی روودەدات هەر دەبیت رووبدات چونکە ئەوە قەدەرە و لەکۆتایی مرۆڤ هەر دەمرێت. مردن، مردن، مردن، بەردەوام لە هزری تاک دێ و دەچێت.

سێیەم: سیستەمی راگەیاندن و میدیای سەلبی، خواهەڵناگری ئین ئارتی تاوانباری سەرەکیە لەو مەسەلەیە. ئێن ئارتی و عەلی حەمە و نازانم کێ پەیامیکی نەبینراویان هەیە کە بەپلان ئازایەتی و بوێری تاک لەبەردەم شاشەی تیڤی بەتاڵدەکەنەوە. وەک دەبدەبە تاک پر هەوا دەکەن و بەرامبەر تیڤی دەیتەقێننەوە. بزوتنەوەی بەناو گۆڕانیش بزماری کۆتایی لە تابوتی ئاواتی گەلێک دا لە گۆران و بەرەوپێشچوون.

چوارەم: بانگەشەکردن بۆ گیانی بەزین. ئەوەش لەسەر تۆڕەکۆمەلایەتیەکان بەئاسانی بەدیدەکرێت. کاکم سەفەرێکی ئەوروپا دەکات ٥٠٠٠ رەسم دەگرێت و لەگەر هەر پیکسلێك لەو رەسمانەی دەیگرێت جونیک بەنیشتمانی خۆی دەدات و دەلێت ببینن نیشمانی ئەوان چەند جوانە و هی ئێمەش جەهەنەمە. هەرچی زانست و زنیاری و خبرەی ژیانە لەوڵاتی خۆت ١/ ١٠ ئەوانە. ئەگەر ٤٠ ساڵ لەکوردستان دابنیشی لە پەرەپیدانی گەنم بۆ خاکی کوردستان بکۆلیەوە بەقەد ئەوە نیە مانگێک بچیە ئەمریکا و لەناو کێلگەیەکی گەنم رەسم بگری. کارەساتەکەش ئەوەیە زانکۆکان بانگەشە بۆ ئەو برادەرە دەکەن کە ئیستا لە ئەمریکایە و دەڵین، شاندیکی زانکۆی س لەئەمریکاااا کاااا کاااا بەسەردانێک توانیان وینەبگرن لەگەل دوو پرچ زەرد و دوو چاو شین. ئەوە چ دروستدەکات لەلای هەرزەکارێکی تەمەن ١٦ ساڵ بەڕای ئیوە؟

هۆکاری تری وەک کەش و هەوا و ئابووری و ژیرخانی تەلارسازی هەن کە ریگە نیە هەمووی باسبکەم. بەس ئاوازی میوزکیکی وەک حەیران رەنگدانەوەی ئەو حەقیقەیە. هەر ئەوە گیانی بەزینەیە کە هۆکاری ئاوارەبوون و ژیانمانە لەبن چیاکان. وەهەروەها تەسلیم کردنی شارە گەورەکانە بە دوژمن لە چەند کاتژمێرێک

لینکی پۆست

لەسەر بیردۆزی فستەق