لەسەر گەنجی بێچارەی هەرێمی کوردستان


نەوەی ئەو سەردەمەی هەرێمی کوردستان جەستەیەکە لەکۆمەڵگەوە کۆنە بەلەمێکی بۆ ماوەتەوە و بە زەریایەک دادراوە کە پڕی کەشتی گەورە و هەڵگری فرۆکەی مەزنە. کە ئاوڕێک لە کەشتیەکەی خۆی دەداتەوە و سەیری کەشتیەکانی ناو زەریا دەکات، بەخۆی دەڵیت، لێگەری با هەر لەکەنارەکە بمێنمەوە باشترە لەوەی نوقم بم یاخود حەیام بچێت. ئەو نەوە، کە باوکی، دایکی، مامۆستاکانی قۆناغی سەرەتایی هەتاکو زانکۆ شتێکیان بۆ جێنەهێشتووە کەببێتە خاڵێکی دەسپێکی مەعقول، حکومەتیش بەدرۆ وەک نەوەکانی پێشووی خۆی دەرگای لەسەر داخستووە و هەلی کارو دامەزراندنی بۆ نارەخسێنێت، ئەسیری کەلتورێکە کە من بە کەلتوری بێکاری ناوی دەبەم. 


ئەو وزە گەورە لەکارکەوتووە، توشی بۆشایەک بووە، کە نە نیشتمان لەلای گرنگە نە پرۆژەی نەتەوەیی. هەموو غەمی کۆبونەوەیە لە کافتریا و دۆرانیەتی لە دوو گێمی ئۆکەی و دۆمینە. زۆر جار، وەک پەرچەکردار، ئەو بۆشاییە بە هیوایەک لەدوای مردن پردەکاتەوە. لە سەروەریەک دەگەرێت کە لە ئاین نەبێت لەو سەردەمە بەدەستی ناکەوێت. هەر ئەوانەی ٩٠% ی کاتەکانیان لە کافتریاکان بەسەردەبەن و بەیانی باش و ئێوارە باشیان جوێن و شەڕ فرۆشتنە بە دایک و باوکیان، لە ١٠ نوێژ، ٨ی بێ دەستنوێژ دەکەن و ٩٩%ی نوێژی بەیانیان ناکات، موسوڵمانێکی پلە یەکە بە رواڵەت و لەناخەوە یان لە خەڵوەت یان لە بازنە داخراوەکان، درندەیەکی بێ بەزەیی دووڕووە. پێت سەیر نەبێت هاوڕێ کەوا هەر ئەوانن دەستخۆشی لە بکوژی "خواناس" دەکەن. بەتاڵی خۆیان بە مزایەدەی ئیمانداری و شەهامەتی ئازایەتی بەرامبەر کەسێک کە ناوی خواناسە پردەکەنەوە. حەزرەتی نوح ڕیگەی بەخۆی نەدا کورەکەی لەسەر ئیلحاد بکوژێت. لەوانەیە ئەوان هەمووی لە حەزرەتی نوح موسوڵمانتر بن ئیمە نەمانزانیە. 


دەپرسم کێ بەرپرسە؟


وەڵام: مامۆستاکانی سەرەتایی/ئامادەیی/زانکۆ بەرپرسن. باوک و دایکی ئەومامۆستایانەش بەرپرسن. پیداوەرە هەتا دەگەیتە ئیمامی غەزالی کە یەکێک بوو لەوانەی کاریگەریەکی زۆر خراپی هەبوو لەسەر شارستانیەتی ئیسلام. تەسک کردنەوەی زانست و پەروەردە لە زانینی بەرزی چیای هیمالایا و دریژی روباری ئەمازۆن کە نە مامۆستاکە دەزانێت بۆچی بزانیت باشە، نە ئەگەر زانیشی دەتوانێت سوودی لیوەرگریت و نە سودێکی راستەوخۆی هەیە بۆ دوارۆژی کەسەکە. لە ٦ ملیۆن کوردی هەرێمی کوردستان، چەند کەس رۆیشتووە بۆ بناری چیاکانی هیمالایا یاخود کەناری روباری ئەمازۆن؟ مامۆستاکانی ئاینی بەرپرسن لەوەی نایەن بە عەقل مجادەلەی سەردەمیانە بکەن. چەند لەوان باسی کێشەی گەنجی بێزاری کردووە؟ چەند لەوان رینمایی پێویستی داوەتە نوێژکەرەکانی لەکاتی وتارەکانی لەسەر (Critical Mindset). لەراستیدا ئەو وتارانەیان جوێندانە بە ئاین و میشکی خەڵک. دەنا مەعقولە بە باوکم بڵیت دزی 

مەکە، درۆی مەکە ئەگینا بە ئاگری جەهەنەم دەسوتێیت؟!


لەجیاتی کارەکان بەرەو دروستکردنی مایندسێتێکی رەخنەگرانەی بنیاتنەر ببەین، سەری خۆمان و منداڵی خۆمان و خوێندکارەکانمان لەقور دەنێین بە تەلقینی زانیاریەک کەهەرگیز نابێت ئەولەویەت بێت بەبەراورد لەگەڵ دروستکردنی ئەو مایندسێتە. هەربیرۆکەیەک خۆی بەراست بزانێت، نابێت لە رەخنە بترسێت. با لیگەرێین با سەربەست بن لە بیرکردنەوە و چونکە هەر ئەوەندەیان بۆ ماوەتەوە، ئەوەشیان لێ زەوت بکەین؟!!








لەسەر ململانێی نێوان بەغدا و پارتی دیموکراتی کوردستان