دیاردەیەکی سەیر هەیە کە لە کۆمەڵناسیدا زۆر ناسراوە پێی دەوترێت 'دیاردەی شاژنی هەنگ' (Queen Bee Syndrome). هەروەک چۆن دەزانن کەوا لەهەر شانەیەک زیاتر لە شاژنێک جێگەی نابێتەوە بەهەمان شێوە لە زۆرێک لە ڕیکخراو و کۆمپانیا و فەرمانگە حکومیەکان بارودۆخەکان ڕێگە بە ژنێک دەدات کەوا وەک بەڕێوەبەرێکی بەهێز بێتە پێشەوە و ببێت بەبەڕێوەبەر.
سەیر لەوەدایە کە ئەو بەڕێوبەرە ژنە لە زۆربەی حالەتەکان کاردەکات بۆ ئەوەی هەموو ژنە بەهێزەکانی دەوروبەری خۆی دووربخاتەوە و گەنجانی دەوروبەری پەروەردە دەکات کە بە شایستەیان دەزانێت تا ئامانجەکانی خۆی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە بەدەست بهێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کەلێنی نێوان ژن و پیاو و کەمبوونەوەی چانسی دەرکەوتنی ژنانی بەهێز لە تەنیشتیان.
بەناوبانگترین نموونەی ئەمەش مارگریت تاتشەر بوو کە یەکەم ژنە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بوو، کە بە توندی شایەنی نازناوی شاژنە هەنگ بوو، بەو پێیەی بە درێژایی سەردەمی دەسەڵاتەکەی هیچ ژنێکی لە کابینەکەیدا پلەی بەرز نەدەکردەوە.
in Posts