لەسەر دیاردەی درۆکردن لەناو کۆمەڵگەی ئیمە

دایکی مندالەکە بە منداڵەکەی گوت: ئەگەر خواردنەکەت تەواو کرد، پێکەوە دەچینە دەرەوە. منداڵی بەستەزمان کە خواردنەکەی تەواوکرد، بەدایکی گوت: دایە نەرۆینە دەرەوە؟ دایکی وەڵامی دایەوە: تازە کات درەنگە و شینەشاهۆیەک لە دەرەوەیە مندالە بچوکەکان حەپەلوش دەکات، ئەگەر شینەشاهۆش حەپەلوشت نەکات، پیرێژنە چاو سۆرەکە دەتفرێنی.. بە دڵتەنگی دانیشت و گوێی لە دەنگی منداڵان بوو کە لە شەقامەکەدا یارییان دەکرد و هیچی نەخوارد.

وە داستانی درۆکان بەردەوامە.....

کەمێک گەورە بوو و چووە مەکتەب، مامۆستاکە پێی گوتن ئەو کەسەی ڕەفتاری باشی هەبێت لە کۆتایی هەفتەدا دەیبات بۆ گەشتێک. هەموو هەوڵێکی دەدا لە هەموو منداڵەکان عاقل تربێت بۆ ئەوەی یەکەم کەس بێت بۆ گەشتەکە. هەفتەکە کۆتایی هات و لە مامۆستاکەی پرسی: مامۆستا، کەی دەچین بۆ گەشت؟ وەڵامی مامۆستا: باسی چ گەشتیک دەکەیت؟!

وە داستانی درۆکان بەردەوامە....

لە ماڵەوە باوکی بینی، باوکی پێی گوت: ئەگەر سەرکەوتوو بیت پاسکیلێکی نایابت لۆ دەکڕم، ساڵی خوێندن کۆتایی هات و یەکەم بوو لە پۆلەکەیدا، لە باوکی پرسی: باوکە یەکەم بووم، کانی پاسکیلەکەم؟باوکی پێی وت: پاسکیلەکە توشی ڕووداوت دەکات کوڕم، وازی لێ بێنە!

وە داستانی درۆکان بەردەوامە....

کوڕەکە گەورە بوو و شارەزا بوو لە درۆ و فریودان. هەمووان ئیستا
دەپرسن، “ئەم دروستکراوە سەرزەنشتکراوە درۆزنە لە کێ لێمان پەیدابوو!؟

لینکی پۆست

صەمونی خشتابور