مێروولە بچووکەکە هەموو ڕۆژێک زۆر زوو دەهاتە سەر کار و یەکسەر دەستی دەکرد بە کار. زۆر بە پەرۆش و دڵسۆز بوو، دەستکەوتی زۆری بەدەستهێنا و دڵخۆش بوو بەو کارەی کە دەیکرد.
بەڕیوەبەرەکەی کە شێرێک بوو، سەری سوڕما کە مێروولەکە بەبێ چاودێری ئەوەندە باش کاردەکات. شێرەکە لەدڵی خۆی گۆتی ئەوە بەبێ چاودێری ئەوەندە کاردەکات، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت زۆر زیاتر کاربکات ئەگەر بزانێت چاودیری لەسەرە. بۆیە سیسرکەیەکی بەکرێ گرت کە ئەزموونی سەرپەرشتیاری هەبوو.
یەکەم شت کە سیسرکەکە کردی دەفتەرێکی ئیمزاکردنی هاتن و رۆیشتنی دانا. پاشان پێویستی بە سکرتێرێک بوو کە یارمەتی بدات لە نووسینی ڕاپۆرتەکان. جاڵجاڵۆکەیەکی بەکرێ گرت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەرشیفەکان و چاودێری.
شێرەکە بە ڕاپۆرتەکانی رۆژانەی سیسرکەکە زۆر دڵخۆش بوو و داوای لێکردن گرافی چارتی بەرهەمهێنان دابڕێژن و ڕەوتەکان شی بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیدا بیخاتە ڕوو.
بۆیە سیسرکەکە کۆمپیوتەر و پرینتەرێکی نوێی لەیزەری کڕی و قالۆچەیەکی بەکرێ گرت بۆ بەڕێوەبردنی بەشی ئایتی.
ئەو مێروولەی کە ڕۆژێک ئەوەندە بەرهەمدار و دڵخۆش بوو زۆر ڕقی لەو دنیا کاغەزانە بوو کە دەبوو هەموو ڕۆژێک پڕیان بکاتەوە وە ئەو کۆبوونەوە زۆرانەی کە لە کارەکەی دووریان دەخستەوە.
شێر بڕیاریدا کە کاتی ئەوە هاتووە سەرپەرشتیارێک بۆ ئەو بەشە دابمەزرێنێت کە مێروولەکە کاری تێدا دەکات.
هەڵبژاردنەکە کەوتە سەر پەپولەیەک، کە سەرەتا فەرشێکی نوێی و کورسییەکی ئەرگونۆمیکی بۆ ئۆفیسەکەی کڕی. هەروەها پێویستی بە کۆمپیوتەر و یاریدەدەری کەسی بوو بۆ یارمەتیدانی بودجەی و پلاندانان بۆ باشترکردنی.
ئەو بەشەی مێروولەی تێدا کاری دەکرد ئێستا بوو بە شوێنێکی خەمناک. ئیتر کەس پێنەدەکەنی و بەهۆی زۆری رۆتین و ڕاپۆرتەکانەوە، بەزەحمەت کەس دەستی بە کارەکانی دەکرد.
شیرەکە هەواڵی بۆهات کە بەپێی ئامارەکان بەشی مێروولەکە وەک جاران بەرهەمی نیە. بۆیە شێرەکە پەیوەندی بە زەرگەتەیەکی راوێژکار کرد کە شارەزایەکی ناسراوە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە.
زەرگەتەکە سێ مانگ لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا بوو و لە کۆتاییدا ڕاپۆرتێکی درێژی نووسی. بە کورتی زەرگەتەکە نوسیبووی: "بەشەکە کارمەندی زۆری تێدایە!
پێویستە ژمارەی کارمەندەکان کەمبکەینەوە".
وە شێر یەکەمجار تەقەی لە کێ کرد بەڕای ئیوە؟ بێگومان مێروولە، چونکە بێ پشت بوو وە هەمیشە گلەیی لەو وەزعە ناحەزە نوێیە هەبوو.
پرسیار: زۆرنین ئەوانەی وەک مێروولەکە دڵسۆزن و لەکۆتایی لاوازترین بازنەن؟
in Posts