تۆی ئەندام لەچینی ناوەڕاست (الطبقة الوسطی)، کاتێک کە دەتەوێت ژن بخوازی، کەست بۆ نادۆزرێتەوە کچی مامۆستا هاشمی فیزیا نەبێت کە ئەویش وەک تۆ لەچینی ناوەڕاستە و بەبێ ئەوەی درک بکات بەراستی، خۆشەویستی بە عەیبە دەزانێت و زەواجیش بە شەرێک دەبینێت کە خۆلادان لێی ئەستەمە و ئەو پرۆژە گرنگە بۆ داهاتوی خۆی و وەچە خستنەوە. بەدەر لەوە، مامۆستا هاشمی فیزیا و مامۆستا روخساری خێزانی، کچەکەیان بە "عەیبە"نەکەی، "نمرەی بەرز بهێنە" ئۆکەی پێگەیاندوە. هەموو پرۆسەکە زیاتر لە وەبەرهێنانێک دەچیت، کە منداڵەکان دەبێت منەتی ئەوە لەسەر شانیان بێت کەوا ئەوان بۆ خزمەتی ئەو دایک و باوکە هاتونەتە سەر دنیا. ئەوەش ئەوەندەی بە ئەنانیەت دەیبینم، ئەوەندە بە خۆشەویستی دایک و باوک بۆ رۆڵەکانیان نایبینم.
تۆی ئەندام لەچینی ناوەڕاست (الطبقة الوسطی)، کاتێک بەکۆڵانێکی میللی دادەڕۆیت خەڵکی ئەو کۆڵانە هەمووی بەچاوێک سەیرت دەکەن دەڵین ئەوە زۆر خۆی پێ موسەقەفە. خوانەکات لەگەل بەسێ و فاتم لێت بقەومێت. یەکی ١٠ برا و ١٠ خوشک بە هەلهەلەیەک دەهێننە دەرەوە و دارکاریەکی باشت دەکەن و دەگەرێیەوە ماڵەوە بۆ ئەندازیار سەروانی برا گەورەتی دەگێریەوە و ئەویش زۆر بە سادەیی دەڵێت، خەتای خۆتە. بۆ خۆت هێنایتە ئەو ئاستە. کاتێکیش دەچیە خواردنگەی هۆقەباز بە شڕە توکسۆنی مۆدیل ٢٠١١، هەموو کچ و کورەکان سەیرت دەکەن و دەڵێن تۆ سەیری ئەو مامۆستایە داماوە ناکەی دەڵێی لەسەردەمی عەلی مەردان هاتووە. لەگەل ئەوانیش لێت بقەومێ، وەی وەی! ٣ بۆدی گاردی سمێل فشی عەینەک ڕەش، لەگەل ٣ پاسەوانی باوکەگیان لە ئەرمادەیەکی جام رەش دێنە خوارەوە، بە ٢ مانگ هەر نادیترێیەوە. کە گەرایەوە ماڵەوە، کاک سەروانی برات لەماڵ لەجیاتی دیفاعت لێبکات، پڕت دەداتێ و دەڵیت، نەمگۆ ئەو سەرە سەری خۆت نابێت؟! ئیستا ئەتوو لۆ لەسەر دەرپێی خۆت دانانیشی ها؟! لەهەردوو حالەت لەسەر حەقیش بی، تۆ هەر ناحەقی.
تۆی ئەندام لەچینی ناوەڕاست (الطبقة الوسطی)، هاژە خانی هاوڕێی ناوەندیت، ئەوەی لەناخەوە خۆشت دەوێت و هەردوکتان دەمێکی درێژە هاورێی یەکترن بەبێ ئەوەی یەکێکتان بەوی دیکە بڵێ خۆشم دەوێی، تیق تیقەی نەکەی نەکەی نەوەک دڵی یەکێکتان شتێک بکات. هاژە خات داخوازی دێت، دایک و باوکی بەمێردی دەدەن، تۆش داستانی شیرین و فەرهاد لەشەوانی تاریک بەتەنهایی لێدەدەیت و وردە وردە بەدزی جگەرەیەک و گۆرانیەکی عبدالحلیم یان ئاوازێکی مخالفی فارسی بەو شیوەیە رۆژ دەکەیتەوە. ئەو فانتازیا و درامایە کۆتایی نایەت بەبێ ئەوەی جارێکیش بتوانی لەواقع ببیت بە ئەکتەر.
تۆی ئەندام لەچینی ناوەڕاست (الطبقة الوسطی)، باوکت دەڵێی مۆسۆلینیە هەمیشە هاوار دەکات کوڕم سەعی بکە، کچم بخوێنە. دایکی مامۆستات تۆڕێکی هەوالگیری جاسوسی لەسەر داناویت و هاوڕی مامۆستاکانی یەکە یەکەی هەواڵ و نمرەکانتی بۆ دەگێرنەوە و ئەویش لە کۆشی باوکتی دەکات. باوکیشت بە بێجامەیەکی بازەی شین و کۆنترۆلیکی تیڤی دوو سێ قسەی رەقت پێدەڵیت و تۆش هەناوت بەتەنی رق لەمامۆستا شیلانی هاوڕێی دایکت سواخ دەدەیت. ئەو فیلمە هەفتەی ٢ جار روونەدات، حەرامە. وەلحاصل، تۆ تەمەنت ١٠ ساڵە بەڵام دایک و باوکی چینی ناوەراستت دەیانەوێت وەک پیاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ هەڵسوکەوت بکەیت نەوەک جارەک لەجاران یەکێک بڵێت کوری فلان مامۆستا خراپە.
ژیان لەو چینە بەدبەختی نیە توخوا؟!