بۆنی ئێم ساختەترین گروپی مۆسیقایە کە تا ئێستا هەبووە. ساڵانێکی زۆر هەموو هەوادارەکانیان گێل دەکرد. هیچ کامیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گۆرانییان نەدەگوت. هەموو شتێک لە پلەیباکدا بوو. گۆرانییەکان لەلایەن کەسانی دیکەوە نووسراون و تەنها وا خۆیان نیشان دەدا کە گۆرانی دەڵێن. تەنانەت دەنگەکانیش هی ئەوان نەبوون.
بەرهەمهێنەرەکەی، فرانک فاریان، خۆی هەموو شتێکی کردووە. گۆرانییەکانی نووسیوە، دەنگە نێرەکانی وتووە، گۆرانیبێژی پشتیوانی بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی بەشە مێینەکان بڵێن و بێگومان کاری خۆی وەک پرۆمۆتەری گروپەکە ئەنجامداوە. بەڵام تەنها لەسەر چەند گۆرانییەک دوو لە کچە کەم ناسراوەکان بە ناوەکانی مارسیا و لیز گۆرانی پشتگیریان دەگوت.
بە دەیان ملیۆن لە ئەلبومی گۆرانەکیان فرۆشرا و فڕانک فاریان بووە مەلتایمیلیۆنێر و ئەو برادەرەی کە هەڵدەپەری بەناوی بۆبی فارێلی لە کۆتایدا بە موفلیسی لە شوقەیەک لە سان پیتەرسبۆرگی رووسی دەمرێت و مندالەکانی هەر زۆر زووتر لەوە دەکەونە سەر سۆسیال لە هۆڵەندا.
لێرەدا مەبەستم ئەو گروپە نیە ئەوەندەی مەبەستم ئەوەیە کەوا زۆربەی ئەوانەی کە ناوبانگیان هەیە لە راستیدا ئەوان قەرەقۆزی چەند کەسانیکن کە لەپشت پەردەی شانۆ یاریان پیدەکەن.
هەمان شتیش لەسەر زۆربەی سیاسەتمەدار، مامۆستای زانکۆ، خاوەنی کۆمپانیا فەیکەکان، ئەندام پەرلەمانەکان و قەلەم فرۆشەکانی خۆمان (چ بە علمانی لەدەسەڵات و نەیار، چ بە ئیسلامی لەدەسەلات و نەیار) جێبەجێ نابێت ئەدی؟ چەند لەوانە بۆبی فارێلن و هەر بەخۆشیان نازانن؟! زۆر زەوقیان بە نمایشەکەی هاوشیوەی نمایشی بۆبی فارێل دێت و کەرامەتی خۆیان لەپیناو برنج و فاصۆلیا و شوقە و لاندکرۆزی وەنەوشە دەفرۆشن. ئای کە وەک بۆبی فاڕێل شایەنی بەزەیین!