کورتە چیرۆکێک لەسەر نەهامەتی خۆمان

خانەنشینێکی بێچارە مووچەکەی وەرگرت و بەپەلە سواری کۆستەرێکی نەفەرات بوو بۆ ماڵ. خێرخوازێکی دزی چوارشانە لەناو کۆستەری شڕ و کۆن پوختە گشت موچە ٥٠٠ هەزاریەکەی لێدزی.


دەستکرا بە کۆکردنەوەی پارە، گیرفانی راست و چەپی گەڕا، پارە دیارنەماوە. لەگەرمەی چاوتێبرینی سەرنشینان بە شڵەژانی خانەنشینی قوربەسەر و تەریق بوونەوەی، هەمان خێرخوازی دزی چوارشانە هەڵی دایە و ٥٠٠ دینارەکەی بۆ دا.


خانەنشینی داماو و بەڕێز زەردەخەنەی کرد و بە دزەکەی گوت: خوای گەورە بەختەوەرت بکات و نمونەی کەسانی وەک تۆ زیاد بکات کاکە. سەرنشینەکانیش بەچاوی ستایش و پێزانین سەیری دزەی چوارشانەیان دەکرد.


لەو کاتەوە ژمارەی دزەکان هەر زیاد دەکات و بەردەوامن لە وەرگرتنی سوپاس و پێزانینی سەرنشینەکان. خانەنشینی داماویش هێشتا هیوای هەیە کەوا خێرخوازیکی هاوشێوەی خێرخوازە چوارشانەکەی ناو کۆستەرەکە پارەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە.

لەسەر وابی سابی