ئایا دەزانن کەوا یەکێک لە ترسناکترین دیاردەکان کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرهەمهێنی و ڕێژەی خزمەتگوزاری ناوی "گرێ کوێرەی نانی نیوەڕۆیە"؟! خەفەتەکەش ئەوەیە، لەوانەیە زیاتر لە ١٠ کۆلیژی کارگێڕی و ئابوریمان هەبێت، بەڵام بەدەگمەن یەکێک لەوان باسی ئەو گرێیەی کردیە!!! دڵنیاشم بەشێکی زۆر لە خوێنەرانی بەڕێز کەدەبوایە لە ڕێگەی ئەوانەوە زانیاریان پێبدرێت ئەو بابەتەیان هەر نەبیستووە!!
لە هزری قوڵی هەر تاکێکی کۆمەڵگەی عیراقی بەگشتی و کوردستانی بەتایبەت، نانی نیوەڕۆ ژەمێکی سەرەکیە کە گرنگیدان پێی ئەولەویەتێکی زۆری هەیە. کە کات نزیک دەبتەوە لەو ژەمە، لە هەموو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و زانکۆ و دامودەزگا و کۆمپانیاکان (بە ڕیژەیەکی کەمتر) دەبێتە ڕاکەڕاک. کەسی لەوێ نامێنێت و شوێنەکان دەبنە چۆلەوانیەکی سەیر. بازاڕەکانیش بەهەمان شێوە.
هۆ خەڵکینە هۆ، غاردەنەوە ماڵێ!! هەرێن هاااات!! ئەگەر ئەو ژەمە سەرەکیە بە قورسی نەخۆن دەمرن لەبرسان!!
دوای خواردنیشی، لەبەر ئەوەی قوڕسترین ژەمی ڕۆژە، هەمووی لێی دەکەوێت!! ورگ گەورەدەبێت!! چەندین نەخۆشی زیاددەکات کەبەدەر لەزیانی ئابوری بەجێهێشتنی کار و سستی دوای نان، سەدەها ملیۆن دۆلاریش زیانی تەندروستی هەیە.
نیوەی ڕۆژێکی کار دەبێتە قوربانی ترسێکی وەهمی و عادەتێکی ئێکسپایەر. تەنانەت، بەدەگمەن خاوەن کارەکانی جاران لەکاتی ژەمی نیوەڕۆ دوکانەکانیان بەجێدەهێشت. بەڵام ببینن، لەسەروبەندی هاتن و ڕۆیشتنی ئەو ژەمە چ دەقەومێت.
بۆ ئەوەی بەرهەمهێنی زیادبکەین، گرنگە کەوا خۆمان لە گرێ کوێرەی ژەمی نیوەڕۆ رزگار بکەین. ژەمێک کە پێداویستیەکانی جەستە پڕبکاتەوە و چەوری و کۆلیسترۆل و تەمبەڵی زیادنەکات. بڕۆن بەچاوی خۆتان چەندین وڵات ببینن: ئێران، تورکیا، مصر، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، یابان، چین، ....هتد. کامیان لەکات و دوای ئەو ژەمە وەک ئێمە دەکات؟!! ئەوەی دوو هەفتە لەو وڵاتانە کاری کردبێت باشتر دەزانی کە باسی چ دەکەم.
نا بابە نااااا!!!! ئەکیدم ئێمە لەوان بەرهەمهێنترین بۆیە ئەو ترسە قوڵەمان لە نەخواردنی ژەمی نیوەڕۆ هەیە؟!! وانیە ئەدی؟!!
https://www.linkedin.com/feed/update/urn:li:activity:7333843213671153664/