لە میژووی نوێی عیراق و هەرێمی کوردستان هەتاکو ئیستا زوڵمێک لەوە گەورەتر بەرامبەر هیچ نەتەوەیەک یان چینێک ئەنجامنەدراوە وەک ئەوەی دەرهەق بە جیلی لەدایکبووانی نیوان ساڵی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٠ ئەنجامدەدرێت و دراوە. نەبووە هیوای جیلێک لەبەکارخستن و دامەزراندن بسریتەوە و ئەوان بەرپرس بکەی لە هەڵەیەک کە هیچ تاوانێکیان تێدا نیە. هەڵەی زۆر و بۆری ژمارەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بەهەردوو لایەنی مەدەنی و عەسکەری بە گوناحێک بەرامبەر بەو جیلە چارەسەر بکەی.
من و تۆ و هەموومان چاک چاک دەزانین کەوا سەروو سێ چارەکی جەماعەتی کەرتی گشتی لەراستیدا مووچەی سۆسیال وەردەگرن بەرامبەر بێکاریەکی ماسکدار. ٦٠٠-٧٠٠ ملیار و زیاتریش دەبێتە موچە بۆ توێژێکی دیاریکراو کە بەختیان هەبووە پێش ١٩٩٠ لەدایک بوویتن.
هەموو خانەوادەیەک لەو عیراق و هەرێمی کوردستانە تووشی کێشەیەکی گەورەی دادوەری کۆمەڵایەتی بووە بەوەی بۆ نمونە نازدار (١٩٨٥) و کامەڕان (١٩٨٧) و شادی (١٩٨٩) لەیەک ماڵ بەیەکەوە موچەیان ١،٥٠٠،٠٠٠، و ١،٣٥٠،٠٠٠، ١،١٥٠،٠٠٠ دینارە و سەیران (١٩٩١) کە دەرچووی ئەندازیاری تەلارسازیە وەک سکرتیر لەلای دکتۆرێک کاردەکات بە مووچەی ٤٥٠،٠٠٠ دینار و سۆمای خوشکی بچووک (١٩٩٤) کە دەرچووی بەشی زانستی فیزیایە ئەوە ٤ ساڵە بیکار لەمالەوەیە ویەک فلسی مووچە نیە! کەی ئەوە رەوایە؟!
ئەی چارەسەر؟ بەڕای من چارەسەر زۆر ئاسانە ئەگەر جورئەت هەبیت:
١- نابێت هیچ فەرمانبەرێکی کەرتی گشتی لەکەرتی تایبەت کاربکات بۆ ئەوەی هەر چ نەبی چانسی سەیران وسۆما بە مووچەی شایستە لە کەرتی تایبەت بەرزبکەینەوە. ئەو دکتۆرەی کە سەیران لەگەڵی ئیش دەکات کە هەم فەرمابەری کەرتی گشتیە، هەم عیادەی هەیە وهەمیش لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت عەمەلیات دەکات و هەمیش لە زانکۆیەک موحازەرات دەڵیتەوە (واتە مامی ٧ ..ە)، بۆ هەر دینارێک لە هەر کاریک لەدەرەوەی کارەکەی خۆی دەیکات، دەبێت ٥٠-٧٠% باجی بخریتە سەر، ئەوە ئەگەر حوکمەت دڵی چاک بیت و ڕیگەبدات ئەصلەن لەدەرەوە کاربکات. هەمان شتی هاوشیوەی دیراسەتکراو بۆ سایەق تەکسیەک کە نەقیبی ئاسایشە یان پێشمەرگەیەک یان هەر نازناوێکی دیکە.
٢- دەستپیکردنەوەی دامەزراندن بەبرینی ١٠-٣٠% سەرجەم مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە مووچەکەیان لە ٢،٠٠٠،٠٠٠ زیاترە و دابەشکردنەوەی ئەو پارەیە لە رێگەی خەزینەیەکی تایبەت بە دامەزراندنی گەنجان بەسەر دامەزراوانی ساڵ بە ساڵی ١٩٩٠ هەتا ٢٠٠٠. ئەو فەرمانبەرەی کە بڵێت ئەوە ناحەقە، دیارە ویژدانی تەنها راناوێکی لکاوە وکەس نازانێت سەر بە چ دینێکی شەیتانیزمە.
٣- دانانی باجی دەرامەت بەسەر گشت ئەو خیزانانەی کە کۆی مووچەکانیان لە ٤،٠٠٠،٠٠٠ زیاترەو گەراندنەوەی بۆ خەزینەی تایبەت بەدامەزراندنی ئەو گەنجانە. نابێت چاوپۆشی لە فەرمانبەرانی کەرت تایبەت بکریت بۆ ئەو باجە.
٤- ریکخستنەوەی ئیداری و بەدیجیتالکردن و برینی سەرچاوەکانی گەندەڵی کە زۆر ئەستەم نیە و گەراندنەوەی داهاتەکان بۆ دەوڵەت.
٥- دانانی سەقف بۆ جیاوازی بەرزترین مووچە و نزمترین مووچە و تەعامولکردن لەگەل سەرجەم ئەو خالانە بەرەچاوکردنی باری سۆسیۆئیکۆنۆمی خانەوادەکان.
in Posts