کۆمەڵگەی نادادپەروەر، دووڕوو و شەهوەتباز

لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا، ناپیاوێکی تەعۆی سایکۆپاثی بێ شەخصیەت ژنێک یان ١٠ی تەڵاق دابێت، بۆی هەیە هاوسەرگیری لەگەڵ جوانترین/باشترین کچ بکات کە پێشتر شووی نەکردبێت، یان لەگەڵ هەر ئافرەتێک کە بیەوێت. هەموو هەڵبژاردنەکان لەبەردەستیدایە و لەلایەن خێزان و کەسانی نزیکیەوە دەستخۆشی لێدەکرێت. کەسانێک لەدەوروبەری دەدۆزێتەوە کە دادپەروەر و هەمیشە هاوسۆزن لەگەڵی. کەسانێک کە هەمیشە ئامادەن وەک سەگسار لە سەرچۆپی ئاهەنگەکانی هینیان بادەن.


لەلایەکی تر، ژنێکی ڕەوشت بەرز و شەرم بەخۆ و ڕێک و پێکی جیابووەوە (تەڵاق دراو) مافی ئەوەی نییە شوو بە پیاوێک بکات کە پێشتر هاوسەرگیری نەکردبێت. کۆمەڵگە (کۆمەڵە گا) وای لێدەکات هەست بکات کە تاوانبارێکە شایەنی هیچ خۆشییەک نییە. لە ئەگەری جیابوونەوەدا، هەمیشە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە هۆکارەکەیە. دەبێت بەرگەی بگرێت هەرچەندە زەلیل بێت یان دڵی ئازاری هەبێت. ئەگەر ٥٠ شەقی ڕۆژانەی خواردبێت، دەیان جار تەعۆی سایکۆپاث سوکایەتی پیکردبێت، یان چەندین جار کاری نەشیاوی لەگەڵ کردبێت، هەر ژنەکە تاوانبارە.


لەپێش چاویەتی دوای جیابوونەوە چۆن خۆی دەبینێت و لە چ فیلمێکی ترسناکدا دەژی. هەموان دەبینێت کەچۆن وەک نێچیرێکی ئاسان دەیبینن. چۆن بەدوای پەیوەندییەکی جەستەیی لەگەڵیدا دەگەڕێن. تەنانەت لە نزیکترین کەسەکانی خۆشی سەری سوڕدەمێنێت کە ئەوانیش وەک خەڵکی دیکە بەدوای ڕاوێکی ئاسانن. دەزانێت کە ئەو ڕووبەڕووی واقیعێکی تاڵ دەبێتەوە.


وەنەبێت ئافرەتانی دیکەی کۆمەڵگە بێ تاوان بن لەو مەسەلەیە. ئەوانیش لەگەڵ ئەو لێشاوە بەشێکن لەو زوڵمە. ئەوانیش بەشدارن لەشکاندنی شکۆی ئافرەتێکی جیابۆوە هەرچەندە باشیش بزانن کە هیچ تاوانێکی نیە. ئەگەر برایەک یان کەسێکی نزیکی خۆیان بیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئەوان بکات، پێشەنگ دەبن لەڕیگەگرتن لێیان. مەجلسی قسەوقسەڵۆکیان بە تانەدان لە سومعەی ئەوان خۆش دەکەن. تەنانەت ئەگەر پیاوێک بیەوێت کچێک کە ساڵێک یان دوو ساڵ لە خۆی گەورەتر بێت، زۆربەی جار ئەوانەن کە دژی دەوەستن.


کۆمەڵگەی ئێمە دادپەروەر نییە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی دووڕوو و شەهوەتبازە. کوا مافی ژنە جیابۆوەکان لە کۆمەڵگایەکدا کە عەدالەت نازانێت؟ ئافرەت، چ خێزاندار بێت، جیابووبێتەوە، یان سینگڵ، چ پیر بێت یان گەنج، ئەو مرۆڤ نیە؟ شایەنی ڕێز و پێزانین نیە؟ شایەنی ئەوەیە ئێمە ستەمکار بین بەرامبەری؟ هەمان مافیش بۆ پیاو ڕاست نیە؟


هەر چ نەبێت بۆ بەیەک چاو ئافرەتانی جیابۆوە لەگەڵ سایکۆپاثەکانی هاوسەری پێشویان نابینرێن؟


تێبینی: هەندێک خێزانی تێگەیشتوو هەن کەوا بەدەرن لە گشتگیری ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەرەوە باسمکردووە و ڕێزی تایبەتم بۆ ئەوان.

نەوتی سەدەی ٢١