لەوانەیە بەلاتانەوە سەیربێت، بەڵام هۆکاری ئەوە نە مووچەیە، نە قەیرانی داراییە، نە هەر کارەساتێک یان نسکۆیەک. مووچە هەبوو، خەڵک هەر توڕە بوو! قەیرانی دارایی نەبوو، خەڵک هەر توڕە بوو! کوردستان لەوپەڕی بەهێزی بوو لە مێژووی خۆی، بەڵام خەڵک هەر توڕە و دڵگران بوو.
وابزانم من دەتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە؛ بەکورتی هۆکارەکەی "هەستکردنە بە بەتاڵی".
بەدرێژی: هەر مرۆڤێک هەستی نەکرد پەیامێکی دیاریکراوی هەیە لەژیان و لەمەبەستی دروستکردنی لەلایەن خودای گەورە بەجوانی تێنەگەیشت، هەست بە بەتاڵیەک دەکات کە بەردەوام وێڵی دەکات بەدوای شتێک کە بزرە لێی و نازانێت چیە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەتاڵی زۆربەی هەستەکان گەورە دەکات، خەمەکان هەرچەندە بچوکیش بن گەورەی دەکات، ماندوێتی گەورە دەکات، ئازار گەورە دەکات. تەنانەت هێقەی کات دەگریت و بیانوی نەبوونی کاتیش دەکەیتە هۆکارێک بۆ دەربرینی تورەییت هەرچەندە کاتت هەیە بەلام وزەت نیە پلان بۆ ریکخستنی دابنێیت لەبەر هەستی موزمنت بەبەتاڵی.
دڵنیام لەوەی هەر کەسێک کە نوقم بێت بەهەر سەرقاڵییەک، هاوسەنگ دەبێت لە هەستەکانیدا بەرامبەر بە ژیان. چونکە بە سادەیی کاتێکی نییە بە هەستی گەمژانە بەفیڕۆی بدات.
کەتۆ هەستت کرد بونت لەژیان هیچ ناگۆڕێت، هیچت لەگەڵ بزنێک فەرق نیە تەنها مۆڵەتی شۆفێری و موچەکە و دووسێ کاغەز کە پێی دەڵێن بڕوانامە و لە حەقیقەتدا هیچ کاریگەریەکی نیە لەسەر دەرخستنت وەک بونەوەرێک کە جیاوازیەکی ڕاستەقینە دروست بکات، چۆن وێڵ نابیت و هەمیشە هەست بە بزربونی خۆت ناکەیت؟
هەزار بیانو بۆخۆت بهینەوە؛ بڵێ ئەگەر دابمەزرابام توڕەییم نەدەبوو؛ درۆیە؛ توڕەترین چینی کۆمەڵگە بەهەبوونی مووچە و بێ مووچەش هەر فەرمانبەرەکانی حکومەتن. بڵێ ئەگەر پارەم هەبوایە توڕەییم نەدەبوو؛ ئەوەش درۆیە؛ بفەرموون لەگەڵ ئاماری سەرپێچیەکان و بزانن زۆرترین ژمارەی سەرپێچی و گەندەڵی لەلایەن ئەو کەسانەوە ناکرێت کە خاوەن پارە و قەسر و قەمەرەی گرانبەهان؟ بڵێ ئەگەر بروانامەی دکتۆڕام هەبوایە و پرۆفیسۆر دەبووم لەزانکۆ توڕەییم نەدەدیت؛ ئەوە هەر درۆیەکە لەهەموان گەورەتر؛ نابینن چۆنن لەپۆلەکان لەزانکۆ؟ بڵێ کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری و ...هتد لەو وڵاتە هەبوایە؛ توڕەییم نەدەدیت؛ ئێ خۆ لە ئەوروپا و ئەمریکاش هەر توڕەن و بێ ئینجازترین کۆمەڵگە لەئەوروپا و ئەمریکاش هەر ئەوانن (تکایە بە تەمسیلی خۆشی لەوێ هەڵمەخەڵەتێن، ٩٠٪ یان ناتوانن ژیانێکی هاوسەرگیری هاوسەنگ بەڕیوەببەن و لەناخۆشترین شوێنەکانی شارەکان دەژین).
بەتاڵی دوژمنی ڕاستەقینەی مرۆڤە. ئەو بەتاڵیە بەکارێک پربکەنەوە کەدڵنیابیت لەدوای بەجێهێشتنی دونیا بۆشاییەک بەجێ نەهێلی کەهیچ جیاوازیەکت نەبێت لەگەڵ ئاژەڵێک. بەخۆت بڵێی من سودی بونی خۆم وەک مرۆڤ سەلماند، هەرکاتیک مردن هات بەخێربێت.