لەسەر ئیمپراتۆرە ڕووتەکانی سەر تۆرە کۆمەلایەتیەکان: "جل و بەرگی نوێی ئیمپراتۆر" لە نووسینی هانس کریستیان ئەندەرسۆن ساڵی ١٨٣٧
ئیمپراتۆرێک زۆر حەزی لە پۆشینی جل و بەرگی فەنتازی و نوێ بوو. هەموو پارەکەی بۆ جل و بەرگ خەرج دەکرد و زیاتر گرنگی بە ڕۆیشتن دەدا لە نمایشکردنی جلە نوێیەکانی نەک بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆریەتەکەی.
ڕۆژێک دوو فێڵباز هاتنە شاری ئیمپراتۆر. ئەوان ئیدیعایان کرد کە بەرگدروون و دەتوانن نایابترین جل دروست بکەن کە تەنها لە خەیاڵدا بیستراوە. کوالیتییەکی ئەفسوناوییان هەبێت لەوەی هەر کەسێک کە بۆ کارەکەی نەشایستە بوو یان زۆر گەمژە بوو، نەیدەتوانی بیبینێت 😆 .
ئیمپراتۆر پێی وابوو ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی بزانێت کێ لە شانشینی خۆیدا بۆ کارەکەیان ناشایستە یان تەنها گەمژەیە. بۆیە، پارەیەکی زۆری بەو دوو فێڵبازە دا بۆ ئەوەی دەست بکەن بە کارکردن لەسەر ئەم جلە ئەفسوناوییە.
فێڵبازەکان دوو ئامێری بڕینیان دانا و وا خۆیان نیشان دەدا کە دەچنن، بەڵام هیچ شتێک لەسەر ئامێرەکە نەبوو! ئەوان زۆر نمایشیان دەکرد و هیچیان نەدەکرد، ساختەچیانە داوای بەنرخترین ئاوریشم و پاکترین تاڵی زێڕیان دەکرد، هەموویان بۆخۆیان دەبرد 😆
ئیمپراتۆر بەرپرسە نزیکەکانی خۆی نارد بۆ ئەوەی بزانن کارەکە چۆن بەرەوپێش دەچێت. دوو ساختەچیەکە ئامێرە بەتاڵەکانیان پیشان دان و هەرچەندە بەرپرسەکان هیچیان نەبینی، بەڵام نەیاندەویست بە ناشایستە بۆ پۆستەکانیان یان گەمژە دەرکەون. بۆیە، ستایشی قوماش و ڕەنگ و نەخشە جوانەکانیان کرد 😂
زۆری نەخایاند، هەموو شارەکە باسی ئەو جلە ئەفسوناویەی دەکرد. لە کۆتاییدا ئیمپراتۆر بڕیاریدا خۆی بیبینێت. لەگەڵ کۆمەڵێک پیاوی دەوروبەری خۆی، لەوانە ئەوانەی پێشتر قوماشەکەیان بینیبوو، چووە لای فێڵبازەکان. وەک ئەوانی تر هیچی نەبینی، بەڵام بیری لەوە دەکردەوە کە نابێت دان بەوەدا بنێت. بۆیە، ستایشی قوماشەکەی کرد، و هەموو پیاوەکانیشی بەهەمان شێوە.
پاشان فێڵبازەکان گوتیان جلەکان ئامادەن و دەی ئیمپراتۆر خۆت رووت بکەوە و لەبەری بکە برۆ ناو شار نمایشی بکە. ئیمپراتۆر بەڕووتی بە شارەکەدا نمایشی کرد و هەموو خەڵکەکە لەبارەی سیحری قوماشەکەوە شتیکیان بیستبوو کە تەنها گەمژە و ناشایستە ناتوانن جلە جوانەکەی ئیمپراتۆر ببینن، کەسیش دانی بەوەدا نەنا کە هیچی نەبینیوە. تەنانەت ستایشی ئیمپراتۆریان دەکرد لەسەر جلە شایستەکانی.
هەر لەو کاتەدا منداڵێک کە تێنەدەگەیشت بۆچی هەمووان وا نامۆ دەبن، هاوارێکی کرد و وتی: بەڵام خۆ ئیمراتۆر رووت و قووتە! زۆری نەخایاند، هەمووان چرپەیان دەکرد کە منداڵەکە چی گوتووە تا هەمووان هاواریان دەکرد کە ئیمپراتۆر ڕووتە و هیچی لەبەر نییە.
ئیمپراتۆر درکی بەوە کرد کە چی ڕوویداوە بەڵام پێیوابوو دەبێت بەردەوام بێت لە کاروانەکە. بۆیە، لە هەموو کاتێک زیاتر بە شانازییەوە ڕۆیشت و بەرپرسە ماستاوچیەکانی بەردەوام بوون لە هەلگرتنی جلە نەبینراوەکانی.
ئەم چیرۆکە وانەیەکە بۆ ئیمپراتۆرە رووت و قووتەکانی سەر تۆڕە کۆمەلایەتیەکان، ئەوانەی لە ئۆفیس سێلفیەک دەگرن و لێرەی دادەنێن. لەبۆنەیەک بەشداری دەکەن و وانیشان دەدەن کە بۆنەکە ئەوانی تێدانەبێت ناچیت بەڕێوە. وانەیەکە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، مەترسییەکانی بیرکردنەوەی گروپی، و گرنگی نیشاندانی ڕاستی بۆ خەڵک و دەسەڵات. دڵتان بە ٥٠٠ لایک و ١٠٠ کۆمێنت خۆش نەبێت! لەوانەیە هەریەک لە ئێمە وەک ئەو ئیمپراتۆرە بین و لایک کەرەکانیش وەک ئەو خەڵکە بن کە سەرسام بوون بە جلەکانی ئیمپراتۆری گەمژە 😅