هەرزەکارە ئەژدیها توڕەکانی ئە سەردەمە

چیرۆکێکی چینی کۆن هەیە دەگێرێتەوە کەوا ڕۆژێک ئەژدیهایەک لە فڕین و چاودێریکردنی مرۆڤ و سەرجەم بوونەوەر بێزار بووە، بۆیە بڕیاری گۆشەگیری داوە و ئەشکەوتێکی تاریکی لە یەکێک لە شاخەکانی دوور هەڵبژاردووە. ئەشکەوتەکە ئەوەندە بچووک بوو کە ئەژدیهایەک بە ئەستەم بتوانێت باڵەکانی لێک بکاتەوە.


ئەژدیها باڵەکانی چەماندەوە و چووە ناو ئەشکەوتەکەوە. لەوێ بە تەنیا دانیشت و بیری دەکردەوە و بیری دەکردەوە و بۆ ساتێک چێژی لە تەنیایی وەرگرت. چەند شەوێک لە ناو ئەشکەوت مایەوە و خۆی لەبیر کرد. پێش ئەوەی بوومەلەرزەیەک کە شاخەکەی گرتەوە ئەوە بیری بخاتەوە! بەردێکی گەورە کەوتە خوارەوە و دەرگای ئەشکەوتەکەی لێ داخست.


ئەژدیهاکە چەند هەفتەیەک لە خواردنی مشک و مێروودا بوو. لە یەکێک لە گۆشەکانی ئەشکەوتەکەدا دارێکی شێوە سەیر گەشەی دەکرد، کە تیشکێکی لاوازی ڕووناکی لێیەوە بە کونێکی نێوان بەردەکاندا دەهێنا ژوورەوە. بەڵام ئەژدیهاکە بە سروشت گۆشتخۆر بوو و جارێکیش بیری لە خواردنی ڕووەک نەدەکردەوە.


زستان هات و بەستەڵەکەکە هەموو ڕۆژێک بەهێزتر دەبوو. برسیەتی هێواش هێواش دەخزێتە ناو جەستەی ئەژدیهاکە و وردە وردە لاواز دەبوو. ساردی و شێداری ئەشکەوتەکەش دۆخەکەیان خراپتر دەکرد. تەنانەت مێروو و مشکەکانیش ژمارەیان کەمتر بووەوە. سەرما و برسێتی ئەژدیهاکەی ماندوو کرد و پێی وابوو بە ناچاری دەبێت ڕووەکە سەیرەکە بخوات بۆ ئەوەی نەمرێت. تامی ڕوەکەکە بەقەد ڕواڵەتەکەی نامۆ بوو، نە ترش بوو، نە شیرین بوو. تازە و سەرسوڕهێنەر بوو!


ئەژدیهاکە زۆری خوارد و پاشان ئارام بووەوە، پشتی بە یەکێک لە دیوارە سارد و تەڕەکانی ئەشکەوتەکە دا و هێشتا هەستی بە ساردی دەکرد و کەمێک دەلەرزی.. گەدەی دەستی کرد بە قورە قوڕ و دەهۆڵ لێدان، پێچی ناو زگی هەر زیادی دەکرد! لەناکاو لەگەڵ پژمین بایەکی لێبەردەبیت و هەوای ناو گەدەی بەتاڵ دەبێت!


گازی میثانی سووتێنەر ئەشکەوتەکە پڕ دەکات و ئاگرێک کە لەگەڵ پژمینی ئەژدیهاکە دێتە دەرەوە هەموو ئەشکەوتەکە دەگڕێنێتەوە و دەگۆڕێت بۆ تەقینەوەیەکی گەورە کە فشارێکی ترسناک دروست دەکات! لە ژێر کاریگەری بۆمبی ئەژدیهادا، ئەو بەردانەی دەرگای ئەشکەوتەکەیان گرتبوو فڕێ دەدرێن! تیشکی خۆر لە هەمان ساتدا دەشکێتە ناو ئەشکەوتەکەوە.


ئەوە ئازادییە! ئەژدیهاکە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەکە ئازاری پێدەگات، پێش ئەوەی بزانێت کە تەقینەوەکە باڵەکانی سووتاندووە و ئێسکەکانی شکاندووە و هێشتا دەسوتێت، لەتاو خۆشی ئازادی ڕادەکات لە لوتکەی بەردەکەوە باز دەدات. لە لوتکەی شاخەکەوە دەکەوێتە خوارەوە، بەر زەوی دەکەوێت و دەمرێت. پاشان ڕاوچییەکانی گوندەکەی نزیک ئەشکەوتەکە دێن و بە غەنیمەتە ئاسمانییەکە شاد دەبن، دەیکەنە کەباب و هەتا مڕ دەبن دەیخۆن.


هەرزەکاری ئەو سەردەمە وەک ئەو ئەژدیهایەن. دوورەپەرێز و گۆشەگیرن لەدەست تیکتۆک و ئینستاگرام و یوتیوب. کاتێک بەخۆیان دەزانن و دەرگای ئەو ئەشکەوتەیان لێ دەبێتەوە، نازانن کەوا باڵ سوتاو و ئێسک شکاون. کەدەیانەویت بفڕن، دەکەونە سەر زەوی و بەجوانی دەبنە کەبابی چەند سەرمایەدارێکی نەوسن کە بێ بەزەییانە دەیانخۆن.

ستایلی نوێی مانگرتن