گوڵی ڕاستگۆیی

بڕیار بوو شازادەیەکی چینی گەنج تەختی پاشایەتی بگرێتە دەست، بەڵام بەپێی یاسا دەبوو سەرەتا هاوسەرگیری بکات. کچانی گەنجی ناوچەکەی کۆکردەوە بۆ دۆزینەوەی هاوسەرێکی گونجاو. کچی یەکێک لە خزمەتکارەکانی ناو کۆشکەکە، شازادەی زۆر خۆشدەویست. بەهەرشیوەیەک بێت ویستی لەبەردەم شازادەدا دەرکەوێت. گوێی لە دایکی نەگرت، چونکە تەنها بینینی ئەو پیاوەی خۆشی دەویست دڵخۆشی دەکرد.


ڕۆژی چاوەڕوانکراو هات. کچە گەنج و جوانەکان باشترین جل و بەرگی خۆیان لەبەرکرد، ڕازێنرابوونەوە و هەموو ئامرازێکیان بەکارهێنا بۆ جوان دەرخستنی خۆیان.


شازادە تۆوێکی بە هەر یەکێک لە کچەکان دا. پێی وتن هەریەک لە گۆزەی خۆی بیچێنن و شەش هەفتەی تر بێنەوە. ئەو کچەی کە جوانترین گوڵ پەروەردە دەکات وەک هاوسەری هەڵدەبژێرێت. هەمووان تۆوەکەیان برد و بە پەرۆشەوە گەڕانەوە ماڵەوە.


کچە گەنجەکە ئەو تۆوەی کە پێی درابوو وەریگرت و لەناو گۆزەیەکدا چاندی. سەرەڕای گرنگیدانی زۆر، یەک شت دەرنەکەوت. هەموو شتێکی تاقیکردەوە، ڕاوێژی بە پسپۆڕان کرد، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو.


شەش هەفتە تێپەڕی، بەڵام هێشتا گۆزەکە هیچی تێدا نەڕوابوو. هەرچەندە گوڵێکی نەبوو پێشانی شازادەی بدات، بەڵام لە ڕۆژ و کاتی دیاریکراودا بە گۆزە بەتاڵەکەوە چووە کۆشک. کچەکانی تر بە گۆزەی پڕ لە گوڵی جوانەوە هاتبوون...


لە کۆتاییدا ئەو ساتەی چاوەڕوانکراوە هات. شازادە چووە ناو هۆڵەکە و لە نێو کچەکاندا ڕۆیشت و یەک بە یەک گۆزەی دەپشکنی. لە کۆتایدا ڕایگەیاند کە کچە خزمەتکارەکەی وەک هاوسەری هەڵبژارد. هەمووان سەریان سوڕما. کچانی دیکەش کاردانەوەیان هەبوو و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەو بڕیارە. ئەو کچەی بە گۆزەی بەتاڵەوە هات چۆن وەک هاوسەری شازادە هەڵبژێردرا؟


شازادە دۆخەکەی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە:


"- ئەم خانمە گەنجە بەنرخترین گوڵی چاند و پێیدام. ناوی ئەم گوڵە گوڵی ڕاستگۆییە. چونکە هەموو ئەو تۆوانەی کە بە ئێوەم دا ساختە بوون و مەحاڵ بوو بڕوێن”.


بۆیە پەندێکی چینی دەڵێت: با هەموومان گوڵی ڕاستگۆیی گەشە پێبدەین و لێنەگەڕێین هەرگیز وشک بن.


بالزاک جارێک وتی: ڕاستگۆیی کاڵایەکی گرانبەهایە؛ لە کەسانی هەرزاندا نادۆزرێتەوە.

لەسەر نەگونجانی پزیشک بۆ کارگێڕی و دارایی