گرنگی پێدانی موچە لەکاتی خۆی

لە سلێمانی، لە ناکاو موچە دەدرێت و بنەماڵەیەکی فەرمانبەر کە بۆسەردانی هاتوون دێتە شار و دەچنە هۆتێلەکەوە و ١٥٠،٠٠٠ دینار دەخاتە سەر کەوانتەری پێشوازی و دەچن بۆ پشکنینی ژوورەکانی نهۆمی سەرەوە بە مەبەستی هەڵبژاردنی شوقەیەکی گونجاو.


لەم نێوەندەدا خاوەن هۆتێلەکە دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە و ١٥٠ هەزارەکە دەبات و بە خێرایی دەچێتە لای قەسابەکە بۆ ئەوەی قەرزەکەی بداتەوە.


قەسابەکە بەم ١٥٠ هەزار دینارە دڵخۆش دەبێت و بەپەلە دەیباتە لای ئاژەڵفرۆشەکە تا باقی قەرزەکەی بداتەوە.


ئاژەڵفرۆشەکەش لە بەرامبەردا ١٥٠ هەزارەکە دەبات و دەیباتە عەلوە تا قەرزەکەی بداتەوە.


بازرگانەکەی عەلوە دەچێتە لای ئەو شۆفێرە بارهەڵگرەی کە ئاژەڵەکەی لێ هێناوە بۆ ئەوەی پارەی قەرزەکەی بداتەوە.


شۆفێری بارهەڵگرەکە بەخێرایی ڕادەکات بۆ هۆتێلی شار، لەوێشەوە ژوورێک بەکرێ دەگرێت بۆ ئەوەی خۆی لە زەحمەتی گەشتکردن ڕزگاری بێت و ١٥٠ هەزار دەدات بە خاوەن هۆتێلەکە بۆ ئەوەی قەرزەکانی بداتەوە.


خاوەن هۆتێلەکە دەگەڕێتەوە و ١٥٠ هەزارەکە دەخاتە سەر حسابەکە پێش ئەوەی بنەماڵە فەرمانبەرەکە لە گەشتە پشکنینەکەی شوقەکان دابەزن.


ئەو بنەماڵە کە ستانداردی شوقەکانیان بەدڵ نەبوو دێنە خوارەوە و بڕیار دەدەن ئەو ١٥٠ هەزارە وەربگرنەوە و شار بەجێبهێڵن!! هیچ کام لە دانیشتوانی سلێمانی هیچیان دەست نەکەوت بەڵام هەموویان هەموو قەرزەکانیان دایەوە. هیچ کامێکیان نەیاندەتوانی قەرزەکانیان بدەنەوە، ئەگەر لە ئەساس بنەماڵەکە موچەیان وەرنەگرتبا.


پەیامی سەرەکی ئەم نمونەیەی (Circular Debt Parable) نیشاندانی گرنگی و کاریگەریی سووڕانەوەی پارەیە لەناو ئابووری. تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن سەرفکردنی پارە دەتوانێت چالاکیی ئابووری هان بدات، تەنانەت ئەگەر لە ڕاستیدا هیچ پارەیەکی نوێ نەخرێتە ناو ئابوورییەوە. ئەم جۆرە چیرۆکە لە گفتوگۆ ئابوورییەکان بۆ جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی (fiscal fluidity and consumer confidence) لە تەندروستی سیستەمێکی ئابووریدا بەکاردەهێنرێت.


ئەو نمونە پێشکەشە بە وەزیری دارایی، کە هەتاکو ئێستا بۆڕسەکەی لە بازاڕی دۆلارفرۆشانە لە هەولێر و سلێمانی و پشت بە دوکاندار دەبەستن لە دیاریکردنی ئاڕاستەی ئابووری. تەحەددای دەکەم و ئێستا ئیمتحانی دەکەم لە (Welfare Economics) و (Factor Markets and Elasticity) و (National Income (GNP and NDP))، ئەگەر دەرچوو، با حکومەت سەرپشک بێت لەوەی ٥ ساڵی دیکەی بۆ نوێ بکاتەوە.


ئەها بەڕاست، یەکەم پێوەری سەردەمیانەی بەڕێوەبردنی کابینەیەکی حکومی ئەوەیە کەوا بەرپرسە باڵاکان دەبێت پسپۆربن یاخود شارەزایەکی باشیان هەبێت لە ئابووری. چەندیان ئەوهان؟

گەندەڵی سیاسی