گەندەڵی کۆمەڵایەتی پێگە و پۆست

فۆرمێکی شاردراوەی گەندەڵی بریتی نیە لە دزینی پارە بەڵکو بەکارهێنانی ئیمتیازاتەکانی پۆستێک یاخود پیگەیەکی دیاریکراو لەپێناو بەرژەوەندی تایبەت. خەڵکێکی زۆر فێل لە دامودەزگاکانی حکومەت دەکات بەیاسایی. پۆستەکەی بەکاردەهێنێت بۆ بەرژەوەندی تایبەت کە مەرج نیە بەرژەوەندی ماددی بێت. لەجیاتی ئەوەی لەخزمەتی دامەزراوەکە بێت، هەموو خەفەتی ئەوەیە چۆن دامەزراوەکە بخاتە خزمەتی ئەجێندای خۆی و بەدەستهینانی پۆستێکی بەرزتر.


لەوانەیە ئەو کەسانە هەتا سەر ئێسقان دووربن لە شوبهەی دزینی پارە، نەک لەبەر ئەوەی پارەیان خۆشناوێت، بەڵکو پارە بەدەرەنجام دەزانن. هەموو خەڵک شایەتی بە نەزاهەتی ماددیان دەدەن، نازانن لە ئەجێندای تایبەتیان، ئەوان گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە پارە لەو قۆناغە خزمەتیان ناکات بۆیە نادزن. بەڵام پێگە دەدزن. ئامادەشن هەموو تەنازولێک بکەن لەپێناو لەدەست نەدانی پیگەکە. دیسان نەک لەبەرئەوەی پێگەکە مووچەی باشی بەچاوەوەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێگەکە تەنها وێستگەیەکە لەو وێستگانەی کەدواجار بەرزی دەکاتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر.


جیاوازیەکی زۆر گەورە هەیە لەنێوان پارادۆکسی: ئایا بۆ ئەوە دانراوی کەوا خزمەتی دامەزراوەکە بکەی؟ یان دامەزراوەکە بخەیتە خزمەتی ئەجێندا و پلانی خۆرەپێشکردنی خۆت؟


١٠ وەسیەتی دژیەک