ئەمڕۆ ٣٥ ەمین ساڵیادی لەدایک بوونمە. چیتر بۆ من جەژن نییە کە بەو شێوەیە ئاهەنگ بگێڕم. من سینگڵم، هێشتا هاوسەرگیریم نەکردووە و هاوتەمەنەکانم منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان دەهێنن بۆ قوتابخانە. چەند خۆزگەم دەخواست مێردێکم هەبوایە وەک ئەوان منی خۆشبویستایە. ئەگەر ئاهەنگی بووکێنی بکەم، جلی سپی لەبەربکەم. لەگەڵیدا سەما بکەم و دەنگی کلیلیەکانیش لە شوێنەکەدا بەرزترببنەوە. من هیچ لەوانەم بەدەست نەهێنا، تەنانەت ئەو جلوبەرگەشم بەدەست نەهێنا. ئەوە لە گاڵتەجاڕی دەچێت بۆ ژنێکی هاوتەمەنی من! قەیرە کچیک، بەڵام چیبکەم، ڕازیم، شوکرم بە پشکی خۆم.
من کاتەکانم بە ئیشەکەم سەرقاڵ دەکەم بۆ ئەوەی لانیکەم پارەی پێویست پاشەکەوت بکەم. هەموو براکانم هاوسەرگیریان کردووە. لە شوێنی نیشتەجێبوون لە ئێمە جیا بوینەوە. ئەوەی زۆر بێزاری دەکردم، نیگای بەزەیی خێزانەکەمە. دراوسێکانیش کاتێک ئاواتی ئەوە دەخوازن ڕۆژێک هاوسەرگیری بکەم. ئەو کاتە بیرۆکەی هاوسەرگیریم لە سەرم دەرهێنا، و بڕیارمدا ڕابێم. ڕازیبوون بە چارەنووسم، هیچ ڕێگەیەکم نییە جگە لەوەی کە ئەو کارە بکەم. بە بەشی خۆم ڕازی ببم. بەڵام ئەوە بیرۆکەی هاوسەرگیریە، تەنانەت دوای ئەوەی لەمێشک و دڵم لایببەم، ڕەتیدەکردەوە جێم بهێڵێت.
دایکم پێی وتم کەسێک کە شەش مانگ پێش ئێستا ژنەکەی کۆچی دوایی کردووە و منی وەک هاوسەری دەوێت. ئەوەندە بێزار بووم لە ڕەفتارەکانی ئەو پیاوە، چۆن ژنەکەی ئەوها ئاسان لەبیرکردووە. بەو ساناییە بیری لە دووبارە هاوسەرگیری کردەوە. تەنها چەند مانگێک بەسەر کۆچی دوایی خێزانەکیدا تێپەڕیوە! هەر زوو بڕیارمدا ڕەتی بکەمەوە! بەڵام دایکم قەولی پیدابوون. ڕۆژی دواتر کاتی دیاری کردبوو، منیش پێم وت کە نابێت. ئەو هاوسەرگیریە رەتکراوەیە، بەتایبەت کابرا ژنی مردبێت و خاوەنی ٢ منداڵیش بێت.
ئەو شەوە ئەوەندە گریام و هەستم دەکرد لەم ژیانەدا بەختم نییە. بۆ من لەو دنیایە جیا لە هاوتەمەنەکانم کە دەتوانن چیرۆکی خۆشەویستی بژین و هاوسەرگیری بکەن؟ دڵم لە خەم و پەژارەدا نوقم ببو، قوڕگم دەهات بخنکێت و بالیفەکەم تەرکردبوو بە فرمێسک.
دایکم سبەی پێشوازی لێکردن، لە پەنجەرەی ژوورەکەم سەیرم کردن؛ دایکێکی پیر و پیاوێک لەگەڵ کوڕە بچووکەی کە وا دەردەکەوێت تەمەنی ٣ ساڵە. سینییەک قاوەم هینا و پێشکەشم کردن. خەم و پەژارە دەوری دام ڕێگری دەکردم لەوەی وەک هەر کچێک لەو ڕۆژە هەست بە دڵخۆشی بکەم. دۆخی ئەو پیاوە لە دۆخی من باشتر نەبوو، بەو پێیەی خەم و پەژارە لە مندا هەبوو، چاوە وشکبووەکانی و چاویلکە شکاوەکانی پێم دەڵێن کە ئەویش چەند دڵتەنگە بە جێهێشتنی هاوسەرەکەی. ئاخر پیاوان خۆشەویستی خۆیان بۆ ژنەکانیان نیشان نادەن تا نەڕۆن.
کوپە شیرەکە لەناکاو بەسەر کوڕە ٣ ساڵیەکەدا ڕژا، بە زەقییەوە سەیریان کرد. لە ساتێکی سەرلێشێواویدا لەلایەن باوک و داپیرەیەوە، نازانم بۆچی لەو ساتەدا هەستم بە بەرپرسیارێتی کرد. دەستە بچووکەکەیم گرت و بانگم کرد بۆ حەمام. باوکی زەردەخەنەی کرد و داوای لێکرد لەگەڵم بێت. بەڵام وتم کە پیویست ناکات. بردمە ناو حەمامەکە و دواتر لە ژوری خۆم هەر کە قۆڵی کراسەکەیم هەڵکرد، لێم پرسی: دەستت چی بەسەر هاتووە؟ بە بێتاوانی وەڵامی دامەوە: دوێنێ، لە پلیکانەکانی ماڵەکەماندا کەوتمە خوارەوە. لێم پرسی: ئایا ئازارت دەدات؟ سەری لەقاند بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئازارەکەی. لێم پرسی: باوکت یارمەتیت دەدا؟ گوتی: نەخێر ئەو لەسەر کارە. ئەی داپیرەت؟ گوتی: نەخۆشە، هەمیشە نەخۆشە و خەوتووە.
من هەرگیز هەستی هەتیوبوونم نەکردووە، تەنانەت لەو تەمەنەش من بەرگەی بیرکردنەوە لە جیابوونەوە لە دایکم بە زەحمەت دەگرم، کەواتە تۆ چۆن بەرگەی ئەوە دەگرێت؟ چاوەکانم پربوون لە فرمێسک، بۆیە لێم پرسی دایکی کێیە، ئەو دەیناسێت؟ لە جولەیەکی منداڵانەدا شانەکانی بەرزکردەوە و وتی ئەو لە بەهەشتە، و کە باوکی ئەمڕۆ دایکێکی تر دەهێنیت بۆ ئەوەی ئاگاداری خۆی و خوشکە بچوکەکەی بێت.
بە بێتاوانی لێی پرسیم: تۆ دایکی منیت؟
جگە لە فرمێسک هیچ وشەیەکم نەبوو وەڵامی بدەمەوە. وە باوەشێک کە تێیدا جەستە بچووکەکەیم لە سینەم چەقاند. سەرەڕای بچوکی تەمەنی، ئامێزی چەندە گەرم بوو!! فرمێسکەکانم وشک کردەوە و لێم پرسی: کێ خواردنت پێدەدات و پاکت دەکاتەوە و جلەکانت دەگۆڕێت، کێ ئاگاداری تۆیە؟ گوتی: بابە! لێم پرسی: ئایا خواردنەکەی بەتامە؟ گوتی: نا خواردنەکەی ناخۆشە، من حەزم لێی نییە.
بە بێتاوانییەکەی زەردەخەنەیەکم کرد و فرمێسکەکان لە چاوەکانمدا دەدرەوشایەوە. هەستم دەکرد باوکی بەبێ دایکی ئەوان بە چیدا تێدەپەڕێت و ئێستا تێدەگەم کاتێک ویستی زوو هاوسەرگیری بکات، نەک لە پێناو خۆیدا، بەڵکو لە پێناو منداڵەکانی، دوای ئەوەش ئەوان ئەمڕۆ بەدوای ژنێکی باشدا دەگەڕێن. کوڕە بچووکەکەم ماچ کرد و پارچە شیرینییەکم پێدا، پاشان یاوەری بوم بۆ هۆڵەکە. زۆر بەپەلە بەرەو باوکی ڕۆیشت بۆ ئەوەی بۆی بگێریتەوە. باوکی لێی پرسی: کێ شیرینی پێداویت؟ کوڕە بچووکەکە سەیری کردم و ئاماژەی بۆ کردم: پورم، ئەوەی پێی دام.
زەردەخەنەیەکم کرد و بە خۆشەویستییەوە وەڵامم دایەوە: من پورە نیم، من دایکە حەیاتم. بۆ ساتێک هەستم کرد ژیان لە چاوەکانی ئەو پیاوەوە گەشایەوە. دڵخۆشیەکەی زیاتر بوو کاتێک داوای بینینی کچە بچووکەکەیم کرد. لە ئێستادا بەهۆی نەتوانینی بە گرنگیدان بەو لەگەڵ خاڵۆزاکەی دەژی. چاوەکانی باسیان لە حەسرەتی دووری لە کچەکەی دەکرد.
دوای ڕۆشتنیان دایکم لێی پرسیم بۆچی بیرۆکەم گۆڕی کە ڕازی بم شوو بەو پیاوە بکەم؟ وەڵامم دایەوە: هەمیشە پێم وابوو کە بەختم خراپە و پشکم کەمترە لە هاوتەمەنەکانم، بەڵام ئەمڕۆ بۆم دەرکەوت کە لەوان زیاترم هەیە! نیگای ئەو کوڕە بچووکە کە لە چاوەکانمدا بەدوای دایکیدا دەگەڕا بۆمن هەموو دنیا بوو. چۆن دڵم دێت دڵی بشکێنم؟.
نوسینی: سەمیحە بولبروات