پیاوێک و سەگەکەی بە شەقامێکدا دەڕۆیشتن. کاتێک لە نزیک دارێکی زەبەلاح تێدەپەڕین، بروسکەیەکی بەهێز لە هەردووکیانی دا و دەستبەجێ مردن. بەڵام پیاوەکە هەستی بەوە نەکرد کە ئەوان پێشتر ئەم دونیایەیان بەجێهێشتووە و لەگەڵ ئاژەڵەکەیدا مردوون، بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن.
'هەندێکجار مردووەکان پێویستیان بە ماوەیەک هەیە پێش ئەوەی ئاگاداری دۆخە نوێیەکەیان بن'.
گەشتەکە زۆر درێژ بوو، بەسەر گردەکاندا دەهاتە خوارەوە و تیشکی خۆر دەیسوتاندن و ئارەقە و تینوو بوون. لە پێچێکی ڕێگاکەدا دەروازەیەکی جوانی مەڕمەڕیان بینی کە دەچووە چوارگۆشەیەک کە بە زێڕ رووپۆش کرابوو. لە ناوەڕاستیدا نافورەیەکی هەبوو کە ئاوی ڕوونی وەک بلوری لێیەوە دەڕژا. پاسەوانێکی لێبوو.
پیاوەکە ڕووی لە پاسەوانی دەروازەکە کرد و گوتی: ڕۆژ باش!
پاسەوانەکە وەڵامی دایەوە: “ڕۆژ باش”.
پیاوەکە پرسی: “ئەمە شوێنێکی جوانە، ناوی چییە؟”
پاسەوانەکە گوتی: 'ئەوە بەهەشتە.'
پیاوەکە گوتی: 'باشە گەیشتوینەتە بەهەشت، چونکە زۆر تینووین'.
پاسەوانەکە ئاماژەی بە نافورەکە کرد و وتی: 'بەخێرهاتن، فەرموو وەرە ژوورەوە و چەندت دەوێت ئاو بخۆرەوە'.
پیاوەکە گوتی: 'سەگەکەشم تینووە.'
پاسەوانەکە وتی: ببورە. چوونە ژوورەوەی ئاژەڵ قەدەغەیە.
کابرا بێ ئومێد بوو چونکە تینوو بوو، بەڵام نەیدەویست بە تەنیا بخواتەوەو سەگەکەی بەجێبهێڵێت. سوپاسی پاسەوانەکەی کرد و ڕۆیشت.
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بە پێ بەرەو سەرەوە ڕۆیشتن، گەیشتنە شوێنێک کە دەروازەیەکی کۆن و ناشیرنی هەبوو کە دەکرایەوە بۆ ڕێڕەوێکی دارستانی چڕ.
لە سێبەری یەکێک لە دارەکاندا پیاوێک بە کڵاوەکەیەوە بەسەر نێوچەوانی پاڵکەوتبوو و وا دیار بوو خەوتبوو.
پیاوەکە گوتی: “رۆژ باش. 'ئێمە زۆر تینووین، من و سەگەکەم.'
پیاوە پاڵکەوتووەکە ئاماژەی بە شوێنەکە کرد و وتی: لە نێوان بەردەکاندا کانییەک هەیە. 'دەتوانی بە ئارەزووی خۆت بخۆیتەوە.'
کابرا و سەگەکە چوونە سەر کانیەکە و تینوێتییان کوژاندەوە. پیاوەکە جارێکی تر سوپاسی کردەوە. کابرا لە وەڵامدا وتی: هەر کاتێک دەتەوێت وەرەوە.
پیاوەکە پرسی: بەڕێزم ئەم شوێنە ناوی چییە؟
کابرای پاڵکەوتوو: 'بەهەشت.'
پیاوکە: 'بەهەشت؟ بەڵام پاسەوانی دەروازەی مەڕمەڕ پێی وتم کە بەهەشت ئەوێیە نەک ئێرە”.
کابرای پاڵکەوتوو: 'ئەوە بەهەشت نەبوو، ئەوە دۆزەخ بوو.'
پیاوەکە سەری لێ شێوا و گوتی: 'پێویستە ئەو شوێنە قەدەغە بکرێت! ئەو دەرگایە و ئەو جوانیەی شوێنەکەی پێشوو دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی خەڵک!'
پیاوە پاڵکەوتووەکە وەڵامی دایەوە: 'بە هیچ شێوەیەک! لە ڕاستیدا چاکەیەکی گەورەمان بۆ دەکەن. چونکە هەرکەسێک وازی لە باشترین هاوڕێکانی هێنابێت، لەوێ دەمێنێتەوە'.
نوسینی: پاولۆ كۆیلۆ