چیرۆکێکی ڕۆبێرتۆ ڤیکیۆنی

شەوێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە هاوڕێیەکی ئازیزمەوە پێگەیشت. کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکردم کە چۆنم، نازانم بۆچی وەڵامم دایەوە و گوتم: 'هەست بە تەنیاییەکی زۆر دەکەم'.


- دەتەوێت قسە بکەین؟ پێی وتم. - دەتەوێت بێمە ماڵەکەت؟


منیش بە بەڵێ وەڵامم دایەوە. لە ماوەی کەمتر لە ١٥ خولەکدا لە دەرگا درا. بۆ چەندین کاتژمێر باسی هەموو شتێکم لەگەڵ کرد، دەربارەی کارەکەم، خێزانەکەم، گومانەکانم و کێشەکانم، ئەویش هەمیشە بە وردی گوێی لێدەگرتم.


دڵدانەوەیەکی باشی بۆ کردم، بە تایبەت گوێگرتنە جوانەکەی. لە کۆتاییدا ڕۆژ هەڵات و بەیانی هات. پێی گوتم: 'ئێستا دەڕۆم، دەبێت بچمە سەر کارەکەم.'


داوای لێبوردنم کرد: 'هەموو شەوەکە بەخەبەرم هێشتیەوە'.


پێی وتم: هیچ کێشەیەک نییە، هاوڕێیەتی بۆ رۆژێکی ئەوها نەبێت بۆ کەی باشە!


منیش یاوەری بووم بۆ دەرەوە و کاتێک بەرەو ئۆتۆمبێلەکە دەڕۆیشت لە دوورەوە هاوارم بۆ کرد: "بۆچی دوێنێ شەو ئەوەندە درەنگ تەلەفۆنت بۆ کردم؟"


هاتەوە لام و بە دەنگێکی نزمەوە وتی: "من چوومەتە لای دکتۆر. دەزانی من نەمدەزانی چۆن پێت بڵێم بەڵام شێرپەنجەم هەیە”. سەرم سوڕما، بەڵام بە زەردەخەنەوە پێی وتم: "جارێکی تر باسی دەکەینەوە، خەمی من مەخۆ. ئاگاداری خۆت بە."


کاتێکی زۆری پێچوو تا درک بە دۆخەکە بکەم و چەند جارێک لە خۆمم پرسی: بۆچی کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکردم کە حاڵم چۆنە، لەبیرم چوو لێی بپرسم و تەنیا باسی خۆمم دەکرد؟ چۆن هێزی ئەوەی هەبوو پێبکەنێت بۆم، هانم بدات، گوێم لێبگرێت؟


لەو ڕۆژەوە دەستم کرد بە بیرکردنەوە: هەوڵ دەدەم کەمتر دراماتیک بم لەگەڵ کێشەکانم و کاتێکی زیاتر بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکەم کە خۆشم دەوێن. جارێک شتێکم بیرکەوتەوە کە خوێندبوومەوە و تەنها ئەو کاتە تێگەیشتم کە ڕاستە: ئەوەی بۆ خزمەتکردن نەژی، مافی ژیانی نیە. ژیان وەک پلیکانەیەک وایە، ئەگەر سەیری سەرەوە بکەیت، هەمیشە دوا ڕیز دەبیت، بەڵام ئەگەر سەیری خوارەوە بکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە زۆر کەس هەن حەز دەکەن لە شوێنی تۆ بن.


 

کورتە چیرۆکێک لەسەر نەهامەتی خۆمان