جارێک کچێکی گەنج هەبوو کە بە پشتیوانی دایک و باوکی خۆشی خۆشی خوێندنی تەواوکرد و بروانامەی خوێندنی باڵاشی بەدەستهینا. دوای تەواوکردنی خوێندن هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕیک کرد کە هەتا حەدێکی باش لێک نزیک بوون لەرووی ئاستی خویندن و گوزەران. کچەی فەقیر سەرەتا زۆر دڵخۆش بوو کە هاوبەشێکی دۆزیەوە و لەدەستی کاتژمیری بایۆلۆجی و نەگەیشتن بە تەمەنی ٣٠ ساڵی بە سینگلی نەجاتی بوو.
لە مانگەکانی سەرەتای هاوسەرگیریدا کچەکە ڕووی لە شاری هاوسەرەکەی کرد و ژیان وەک خەونێک دەهاتەدی. بەڵام هەر کە خەریک بوو دەست بەو کارە بکات کە خۆی حەزی لێیە، بۆی دەرکەوت کە دووگیانە. هاوسەرەکەی، سەرەڕای گونجانی تەمەنی کچەکە بۆ بەرەوپێشچوون لە پسپۆریەکەی، قەناعەتی بە کچەکە کرد کە بەشیوەیەکی کاتی دایکایەتی بکات. کامیان ئاسانترە بۆ کوڕەکە؟ قەناعەت بە کچە بهێنێت لە مال دابینشیت یاخود گیرۆدەی دەستی مندال هینان و بردن بێت؟
لەگەڵ هاتنی یەکەم منداڵیان، کچەکە خۆی تەرخان کرد بۆ ئەوەی ببێتە ژنی ماڵەوە لە کاتێکدا هاوسەرەکەی بەردەوام بوو لە کارکردن. لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکاندا بڕیاریاندا منداڵی دووەمیان هەبێت و جارێکی دیکەش کچەکە خێزانەکەی لە پێشینەی کارەکەی دانا و هەر بەژنی ماڵەوە مایەوە.
دوای حەوت ساڵ خۆی بینی کە کەلێنی پیشەیی بەرچاوی بۆ دروست بووە و سەربەخۆیی دارایی لەدەستداوە. ئیستاش هەرچەندە حەز دەکات لە ڕووی داراییەوە پشتگیری هاوسەرەکەی بکات، بەڵام هەلی کار کەم بوو و هەست دەکات لە دۆخەکەیدا گیری خواردووە. هاوسەرگیریەکەی لە کارکردن دووری خستەوە و هەڵبژاردنەکانی زیاتر سنووردار کرد.
ئێستا کە منداڵەکانیان گەورە بوون، کچەی فەقیر خۆی بینیەوە کە گۆشەگیرە و وابەستەی داهاتی هاوسەرەکەی بووە. لەم چیرۆکەدا ئازاری جەستەیی نەدراوە، بەڵام قوربانی یەکەم و ئاخیر کچەی فەقیرە کە دواکەوت لە بەدیهینانی خەونەکانی خۆی لە پسپۆریەکەی. لە کچیکی خاوەن بروانامەی بەرز و کەسێکی زیرەک و بەتوانا لە پسپۆریەکەی بۆ ژنێکی مالەوەی بێ دەسەلات و گۆشەگیر.
زۆر گرنگە دان بەوەدا بنێین کە ئەم چیرۆکە چیرۆکی دەیان هەزار کچی ئەو کۆمەڵگەی ئیمەیە. زۆرجار، ڕووبەڕووی پەستانی سۆزداری دەبنەوە بۆ ئەوەی خێزان لە پێش داهاتووی خۆیان دابنێن.
سەربەخۆیی دارایی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەهێزکردنی ژنان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان بکەن. بەلەدەستدانی سەربەخۆیی دارایی، ئەو کچانە بژاردەی سنوورداریان بۆ دەمێنێتەوە و ناچار دەبن کە ملکەچی مێردەکانیان بن.
in Posts