نیوەڕۆیەک کچێک زۆر بە تووڕەییەوە لە قوتابخانە هاتەوە ماڵەوە. لەگەڵ چوونە ژوورەوە بە شێوەیەکی خراپ جانتای پشتەوەی فڕێدا و دەستی کرد بە سووکایەتیکردن بە هاوڕێکەی بە گرژیەوە هاواری دەکرد: من ئەوەندە ترسنۆک نیم! خۆزگە مردبا! یان ئەوەی کە نەخۆش بکەوێت بۆ ئەوەی هەرگیز نەگەڕێتەوە قوتابخانە! لەبەردەم هەموواندا سوکایەتی پێکردم!
باوکی کچەکە - مامۆستایەک - لەسەر مێزێک هۆموۆرکی ڕاست دەکردەوە. ڕووی کردە کچەکەی و، بێ ئەوەی یەک قسە بکات، هەستا، چووە باخچە و لە تەنیشت دارستانەکە، کیسەیەکی گەورەی خەڵوزی هێنا و بە کچەکەی دا.
-ئەو کراسە سپییە دوورە دەبینیت، کە بە هێڵی جل و بەرگەوە هەڵواسراوە؟ وابزانە ئەو هاوڕێی تۆیە، ئەو کەسەی کە تۆی زەلیل کردووە و سوکایەتی پیکردویت. بیهێنە بەرچاوت ئەوهاوڕییەت ئەو کراسە سپی یەیە! هەر پارچە خەڵوزێکی ناو ئەم کیسە بریتیە لە تۆڵەسەندنەوەیەک. بە هاوێشتنی هەر پارچە خەڵوزێک و فڕێدانی بۆ سەر کراسەکەی قسەیەکی ناشیرن یاخود تەمەنیاکی تۆڵەسەندنەوە بڵێ! هەموو خەڵوزەکەی ناو کیسەکە لەو کراسە سپیە بگرە، تا دوا پارچە. دوای دەگەرێمەوە تا بزانم چ بەسەر کراسە سپیەکە دەهێنیت.
کچەکە وەک یاری وەریگرت و دەستی کرد بە فڕێدانی خەڵوزەکان، بەڵام بەو پێیەی هێڵی جل و بەرگەکە دوور بوو، کەمێکیان کراسەکە دەکەوت. لە کۆتاییدا کیسەکە بەتاڵ بوو و منداڵەکەش زۆر ماندوو بوو! باوکەکە گەڕایەوە و لێی پرسی:
–کچم، هەستت چۆنە؟
کچەکە وەڵامی دایەوە: 'زۆر باشترە، هەرچەندە کەمێک ماندوو بووم'.
باوکی دەستی گرت و وتی: وەرە لەگەڵم، دەمەوێت شتێکت پیشان بدەم. سەیرکە کراسەکە چەندە پیسە!
کچەکە بە وردی سەیری کراسەکەی کرد و بینی پەڵەی خەڵوزی زۆر نیە. لەو کاتەدا باوکەکە جارێکی تر کچەکە بانگهێشت دەکات:
–ئێستا وەرە بەردەم ئاوێنە و سەیری خۆت بکە...
چ ترسناکە! هەمووی پیس بوو، هەمووی ڕەش بوو... دەموچاوی، قۆڵی، پەڵەی ڕەش بەگشت شوێنێکیەوە بوو! بەجۆرێک کە تەنها ددان و چاوەکانی دیار بوون. لەو ساتەدا باوکەکە پێی وت:
ڕەنگە تێبینیت کردبێت کچم، کراسەکە کەمێک پیس بوو، بەڵام بەراورد ناکرێ بەوەی کە تۆ چەندە پیس بوویت. ئەو خراپەیەی کە ئاواتەخوازین لەسەر ئەوانی تر بۆمان دەگەڕێتەوە و لە ئێمەدا چەند هێندە دەبێت. هەرچەند دەمانەوێت یان دەتوانین بە بیرکردنەوەکانمان ژیانی کەسێک تێکبدەین، ئەو بەفیڕۆدان و پیسییە هەمیشە لە خۆماندا دەمێنێتەوە.
هەمیشە ئەم دەستەواژەیەی ویلیام شکسپیر لەبیرت بێت کچم: تووڕەیی ژەهرێکە کە یەکێک بەو هیوایەی کە ئەوی دیکەیان بمرێت دەیخوات.