دوای ئەوەی قەسابەکە لە تیژکردنەوەی چەقۆکەی تەواو بوو، چووە ناوەڕاستی مێگەلە مەڕەکە. مەڕەکان بە هەستی زگماکی خۆیان تێگەیشتن کە مردن بە ناچاری دێت. یەکێک لە مەڕەکان هەڵبژێردرا، قەسابەکەش قۆچەکانی گرت و لەناو مێگەلەکە دەریهێنا، بەڵام ئەو مەڕە بەران بوو و بینیاتێکی بەهێزی هەبوو، بۆیە ماددەی ژمارە ١ ی لەدەستووری مەڕەکان پێشێلکرد. لە دەستووری مەڕەکان ماددەی ژمارە ١ دەڵێت: کاتێک کە هەڵبژاردنی قەساب دەکەوێتە سەرت، بەرەنگاری مەکە، ئەمە هیچ سوودێکی بۆ تۆ نابێت، بەڵکو قەساب لێت توڕە دەبێت و ژیانت و ژیانی مەڕەکانی تریش دەخاتە مەترسییەوە.
ئەم بەرانە لە دڵی خۆیدا وتی: ئەمە فەرمانێکی نادروست و دەستورێکی گەمژانەیە. ئەگەر بەرەنگاریم لەم دۆخەدا سوودی بۆ من نەبێت؛ پێموانییە زیانم پێ بگەیەنێت. ئەو بەرانە قەسابەکەی تووشی سەرسوڕمان کرد و توانی لە دەستی دەرباز بێت و بچێتە ناوەڕاستی مەڕەکان و دەربازی بوو لەو مردنەی کە چاوەڕێی دەکرد. قەسابەکە زۆر گرنگی پێنەدا، چونکە مێگەلەکە پڕ بوو لە مەڕ. مەڕێکی تری گرت و بە قاچەکانیەوە ڕاکێشا و لە کۆڕەکە دەریهێنا. مەڕی گیراو تەسلیم بوو و هیچ بەرگرییەکی نیشان نەدا.
بەم شێوەیە مەڕەکان لە کۆڕەکەدا مانەوە، چاوەڕێی مردن بوون یەک لە دوای یەک. لە کاتێکدا بەرانەکە بیری لە ڕێگایەک دەکردەوە بۆ ئەوەی لە کۆڕاڵی مەرگ دەریان بچوێنێت و باقی مەڕەکە لەگەڵ خۆیدا بباتە دەرەوە. مەڕەکان سەیری بەرانەکەیان دەکرد کە لەسیاجی حەوشەکەی دەدا تا سەرکەوتوو بوو لە شکاندنی بەربەستەکە و بانگەوازی هاوەڵەکانی دەکرد کە هەڵبێن. بەڵام هەموویان سوکایەتییان پێدەکرد و جنێویان پێدەدا و لە ترسی ئەوەی نەوەک قەسابەکە بزانێت چی ڕووى داوە..
مەڕەکان کۆبوونەوە و قسەیان لەگەڵ یەکتر کرد سەبارەت بە بەجێهێشتنی کۆڕاڵەکە و ڕزگارکردنی خۆیان لە چەقۆی قەسابەکە. بڕیاری کۆتایی بە کۆدەنگی زۆر نائومێدکەر بوو. بەیانی قەسابەکە هاتەوە کۆڕاڵەکە. سەری سوڕما لەوەی سیاجەکە شکابوو، بەڵام مەڕەکان لەناو حەوشەکە بوون. سەرسوڕمانی دووەم ئەوە بوو کە لە ناوەڕاستی حەوشەکە بەرانێکی مردووی بینی. و تەرمەکەی بە برین داپۆشراوبوو وەک ئەوەی چەقۆی لێدرابێت!!
مەڕەکان بە شانازی و شادییەوە سەیری ئەوەیان کرد کە چییان لەگەڵ ئەو بەرانە گێرەشێوێنە کردوە. کەپێشتر هەوڵیدا پەیوەندی قەسابەکە لەگەڵ مەڕەکە تێکبدات و ژیانیان بخاتە مەترسییەوە. دڵخۆشی قەسابەکە ئەوەندە زۆر بوو کە نەتوانرا وەسف بکرێت، ئەو تەنانەت بە ستایش دەستی کرد بە وتاردان بۆ مەڕەکان:
ئەی مەڕە خۆشەویستەکان، چەندە شانازیتان پێوە دەکەم و ئەوەندەش ڕێز و حورمەتم بۆ ئێوە زیاد دەکات هەر جارێک کە ئیوە دەبینم! ئای مەڕە جوانەکان. هەواڵێکی خۆشم هەیە کە دڵی هەمووتان خۆش دەکات. ئەمە قەدرزانی منە بۆ بێهاوتایی ئێوە. لە بەیانی ئەمڕۆوە هیچ کام لە ئێوە بە زۆر ڕاناکێشم بۆ کوشتارخانە. بۆم دەرکەوت کە من توندم بەرامبەرتان، و ئەمەش کەرامەتی ئێوەی بریندار کردووە. لێرەو بەدواوە سەیری ئەو چەقۆیە بکەن کە بە دەرگای قەسابخانەکەوە هەڵواسراوە. ئەگەر نەتانبینی هەڵواسراوە، ئەمە مانای ئەوەیە کە من چاوەڕێی یەکێک لە ئێوەم. تکایە مەیکەن بەشەر لەسەر ئەوەی کامتان دلسۆزترن بۆ من. سڕەی هەمووتان دێت. لە کۆتاییدا، لەبیرم ناچێت ڕێز لەماددەی ژمارە ١ دەستورە گەورەکەتان بگرم: