بۆ هەر کەسێک بە چەکوشەوە، زۆرێک لە کێشەکان لە بزمار دەچن. هەرچەندە زیرەک و بەتوانا بیت، هەزار تەکنیکی نوێ و ناوازە بزانیت، کە هەر کێشەیەکت چەماندەوە بۆ ئەوەی بیکەیت بەبزمار، زۆربەی کات خراپتری دەکەی لەجیاتی ئەوەی چاکی بکەی. بۆیە لاتان سەیر نەبێت کەوا پرۆفیسۆرێکی ئیدارە هەڵەیەک یان چەندین هەڵەی ئیداری بکات کە فەرمانبەرێکی سادە نەیکات. کەسێکی بێ بروانامە لەبازار هەزار قات داهاتی زیاتر بێت لە کەسێک کە ٥٠٠ توێژینەوەی زانستی کردووە لەسەر بازاڕ. کێشەی ئێمە زۆربەی کات لەوەیە دەزانین کارێک هەڵەیە، بەڵام نازانین کام کار ڕاستە.
وەک نمونە: ئەو کۆمەڵگە تەریبە ئەکادیمی و خزمەتگوزارەی کە لە کوردستان هەیە و زۆریان پڕچەکن بە چەکوشی زانستی ناوازە و مێژوویەک لە خزمەتی زۆر باش، بێنە مەیدان و خۆیان بەرامبەر خەڵکانێک بەربژێر بکەن کە نە ئەکادیمین و نەخزمەتیان کردووە، زۆربەی کات دەدۆڕێن. چونکە ئەوان لایەنی بەرامبەر بە بزمار دەزانن. نازانن ئەوانە بزمار نین. ئەوان شیشی ژەنگاوی ناو کۆنکریتی کۆمەڵگەیەکن کە روخاندنی ڕووکەشی و غەشیمیان بە جەگ هەمەر دەبێت نەوەک چەکوش. دەبێت فێربن چەکوشەکان فرێبدەن. بە ئامرازێک هەلسوکەوت لەگەل کێشەکان بکەن کە چارەسەریان دەکات نەوەک خراپتریان بکات.