بەشانازی یەکێک بووم لەوانەی کەوا یەکەم بەرنامەی گەشەپیدانی کارسازیم لە هەرێمی کوردستان دیزاین کرد و بۆیەکەمجار لە مێژووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خولی کارسازیمان لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ کردەوە.
ئەوەی تێبینی دەکەم لەکارسازی لە کوردستان وەک پرۆسەی گواستنەوەو ماڵدانانم دێتە پێش چاو. یەکەمجار بە خۆشەویستی دەستپێدەکات و دوای چەند ئاهەنگێکی گەورە و داوەتکردنی خەڵکێکی زۆر بۆ بۆنەی گواستنەوە، ٦ مانگ تێپەڕ نابێت، کاک ڕۆمیۆ و جولێت خان درزیان دەکەوێتە نێوان و ناگاتە ساڵێک لەهاوسەرگیری کۆتایی بەو چیرۆکە شاعیریە دەهێنن لە دادگا.
مەبەستی من ئەوەیە، خۆفشکردنەوەیەکی زۆر لەسەرەتای قۆناغی بیرۆکە و دەستکەوتنی پاڵپشتی دارایی هەیە. دوای دابینکردنی پارە و چەند هەزار لایکێک، کاتێک ژیانی بەڕاستی و جدی دەستپێدەکات، لەیەکەم کێشە ئاشبەتاڵ لە بزنسەکە دەکرێت. زۆر کەمن ئەوانەی کە ئامادەن دەستیان لەقوڕەپیسەکە بنێن.
لەلایەکی دیکەوە سەیر دەکەی برادەرێک نە کارسازی دەزانێت چیە نە بزنس پلان، بزنسێکی هەیە شەق لەدەفتەر هەڵدەدات. مەبەستی من ئەوەیە، کە ئامادەنەبویت لەسەرەتا بەجۆرێک بژی کە کەس حەزنەکات وەک تۆ بژیت، ٧٠ جار بەشداری بکەیت لە خولی کارسازی، هەر دەکەوی مەگەر بەختێکی زێرینت هەبێت. ئەو زەواجە کاتیەی نێوانی تۆ وەک زاوای کارساز لەگەڵ بزنسە بوکەکەت چارەنوسی لێکترازانە.
کەواتە چاوەڕێ مەکەن کارسازی سەرکەوێت ئەگەر کارساز ئامادەی کێشانی قوڕسی نەبێت لەسەرەتا. قوڕسی زۆر!