ئاگادارتان دەکەمەوە کەوا:
دەست لە دامەزراندن لەکەرتی تایبەت و نافەرمی و ریکخراو میکخراو بشۆن. ئەوانەی کەکارتان پێدەکەن لەو کەرتانە بەناشیرینترین شیوە دەتان چەوسێننەوە. وەک کۆیلەیەکی پارە سەیرتان دەکەن. ئەوان ناترسن لە ئازاردانتان لەبەر ئەوەی یاسایەکی روون نیە گوێچکەیان بگرێت لەدوای هەر سەرپێچیەک.
تۆی فەرمابەر لەو کەرتانە هیچ مافێکی یاساییت نیە ئەگەر خزمی فیرعەونێک نەبیت. تۆی بەستەزمان، بکەویە بن شۆفڵ و ترێلەیەک پانتبکاتەوە بە دووجار سەردانی و دوو سعات راوەستان لە تازیەکەت کۆتایی بە چیرۆکی داماوویت دێت. تۆی کۆیلەی ئەو کۆمپانیا و زۆربەی کات ئەو خاوەنکارە بێویژدانانە هەفتەی ٦ رۆژ و رۆژی ١٠-١٢ کاتژمیر کارت پێدەکەن و لەکۆتایی مانگیش وەک مسکینێکی بەردەمی مزگەوت ٢ فلست دەدەنێ کە هیچ لەژیانت ناگۆرێت. تەعەدا دەکەنە سەر کەرامەتت و رۆژانە دەتشۆنەوە.
تەعۆیەکی پارە لە گیرفانی تەزبیح بەدەستی شان کوتراو بە "بۆت نەمام شەیما" و بە رانکوچۆغەیەکی خاکی و سەروسمێلیکی بۆیاخکراو و کۆنەجاشێکی ئەولباب کە هەتا دونێ و پێرێ ئاودەستی نەبوو لە ماڵی ئەمرۆ ئاودەستی کۆمپانیاکەی بە تۆ پاک دەکاتەوە.
ئەو نامەردیەی چیتر قبوڵ مەکەن!
کەریم کابانێک بکڕیت و فەلافل بفرۆشیت ١٠٠٠ قات مەردانە ترە لەو کۆیلایەتیە.
دوکانیکی مریشک فرۆشتن لە قلینچکی کۆلانەکەت دابنێت پیاوانەترە لەو شەرمەزاریە.
شڕە تەکسیەکت پیبێت و خەڵک بەیانیان ئەگەر بەپارەیەکی کەمیش بێت بهینیت و ببەیت زۆر سەربەرزی ترە لەو چەکمەحەساریە.
لەماڵ کولیچە دروست بکەی و ترشیات بگریەوە زۆر شەریفانەترە لەو چاوشۆڕیە.
هەڵسن! ڕاپەرن! هیمەتێک بدەنە خۆتان! بازار لەو تویژە بستێنن! پشتیان بشکێنن! قۆڵیان بگرن و لەپەنجەرەی وەنەوشەو مەرزیەکان فرێیاندەنە سەر جادەکان و بیانگەریننەوە پیگەی موستەحەقی خۆیان.
بەدەر لە برە پارەکی کەم بۆ دەستپێکردن و مێشکێکی تیژ و کارێکی نەپساوە، چیترتان دەوێت؟ کەس لەبرسان نەمردووە تاکو ئیستا؟
پیتان وایە ئەوان لە ئیوە زیرەکترن؟ ئەوان لە ئیوە جوانترن؟
ئەوان لەیەک شت لە ئیوە باشترن. دەزانن کە دەیانەوێت ببن بەسەردارت و خوشک و خێزانت لە بەردەم کۆمپانیاکەی بکەن بە عدادی تەلەفۆن و پۆزیان بەسەر لێبدەن.