بانگەوازێك بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەک لە لیستەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هات، کە تیایدا ٢٢٣ بەشی ئەکادیمی لە کوردستان زۆر کەم خوێندکاری بۆ هاتووە، هەندێک بەشی ئەکادیمی هەیە قۆناغی یەکی تەنها بە ٢-٩ خوێندکار کردۆتەوە. بەر لەهەموو شتێک ئەوە پێچەوانەی خودی ڕینمایەکانی وەزارەتە کە دەڵیت ئەگەر کلاسێک لە ١٤ خوێندکار کەمتری هەبێت نابێت بکرێتەوە، لەهەمان کاتیشدا بەهەدەردانی سامانی نیشتمانیە لەوەی هەرخوێندکارێک هەتا خوێندنەکەی تەواودەکات نزیکەی ٣٠-٥٠ ملیۆن دیناری تێدەچێت. ئەوە سەرەرای ئەوەی ئەگەر بەشەئەکادیمیەکە باش بوایە، خوێندکار بە لێشاو روویان تێدەکرد. خوێندکار کە تەخەروجیش دەکات کاری دەستناکەوێت.


ئەگەر وەزارەت بریاری دابێت کە قۆناغێک بۆ ٣ خوێندکار بکاتەوە بۆ نمونە، هەر ٣ خوێندکار ٥١ و ٥٢ و ٥٣ یان هەبێت ئەوە سێیەم و دووەم و یەکەم دەبن ئەوەش زوڵمێکی یەکجار گەورەیە کە لە خوێندکارانی بەشێکی تری ئەکادیمی دەکرێت کە ژمارەی خوێندکارەکانی ٦٠ خوێندکارە. یەکەم بوون لەسەر ٦٠ خوێندکار بەراورد دەکرێت لەگەل یەکەم بوون لەسەر ٣ خوێندکار؟ هەردووکیان یەکەمن بەس بە دوو پێوەری زۆر ناعادیلانە.


ئەمن لەجیاتی وەزارەت بم زۆر بەئاسانی ئەو کێشەی حەل دەکەم: ئەو بەشە ئەکادیمیانەی کە خوێندکاریان بۆ نەهاتوە یان دادەخەم یاخود هەڵپەساندنی بۆ دەکەم تاکو دەرەچەیەک دەدۆزنەوە. ستافی ئەو بەشە ئەکادیمیانەش بە تەنسیب دەخەمە سەر وەزارەتەکان بۆ ئەوەی لەوێ خزمەت بکەن. خۆت توند نەکەی لەو بەشە ئەکادیمیانە، ستافەکەی هەر بەهەمان هەیت و هوتی پێشوو دەروات و سەری منداڵی خەڵک بە تەرازووی جاران لەقور دەنێن، بگرە زۆریش بەلایانەوە خۆشترە کە هەر خوێندکاریان بۆ نێیەت.


وەک نمونە، کۆلیژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەددین لە بەشی مێژوو ٨١ ستافی هەیە لە مامۆستا و دکتۆر و پرۆفیسۆر، ئەمە بیجگە لە ستافی ئیداری. وەزارەتی خوێندنی باڵا، چاک چاک دەزانی کە دەرچوانی ئەو بەشە ئاسۆی دامەزراندن و کارکردنیان زۆر لاوازە، هەر بۆیەش خوێندکار زۆر بەکەمی رووی تێدەکەن یاخود ئەگەر بێشن لەوانەن کەوا کۆنمرەی پۆلی ١٢ ەیان زۆر کەمە. نایبینی کەوا لەگەڵ هەر مووچە هاتنێک، دەبێت بەلانی کەم ١٢٥ ملیۆن لەو بەشە سەرف بکەی (لەوانەیە زۆر زیاتر بێت بەس با ئیمە کەمترین ئەگەر وەربگرین)؟! واتە ساڵانە یەک ملیار و نیو لەو بەشە! یەک ملیار و نیو جارانی ٤، دەکاتە ٦ ملیار. ٦ ملیار لە شتێک سەرف دەکەی کە لەکۆتایی دەرچووی بێکارت بۆ دروست دەکەن؟! ئەو ٨١ ستافە دەبێت چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ئەو بەهەدەردانەی سامان. کەی یەکێکیان وتی خۆ لەوێ دەدزرێت و لەلاکەی تر زۆر زیاتر لەوە سەرف دەکرێت، کەواتە تۆش جیاوازیت نیە لەگەڵ ئەوانەی کەتیری رەخنەت ئاراستەیانە. بەهەمان شیوە بۆ گشت ٢٢٢ بەشەکەی تر.


وەزارەتی خوێندنی باڵا، تکایە لەجیاتی پینەکردن و شاردنەوە بە کردنەوەی پۆل بۆ ٢-٩ خوێندکار، یەکەمجار ئەو قۆناغە دابخە و دواتریش یەک ئاگادارکردنەوە، ئەگەر بەشەکان بەخۆیاندا نەچنەوە، ساڵی دابێت ریژەی خویندکارانیان نەچێتەسەر، هەلپەساندن ئەگەرێکی حەتمیە و نەقلی ستافەکەشی بۆ سەر وەزارەتەکان بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران هیچ گومانی تیدا نابێت.


تێبینی: بەشی مێژوو وەک نمونەیەکە لێرە و ئەمن نە کەسیان دەناسم نەدەمناسن، بەڵام لەبیرتان نەچیت، ٢٢٢ بەشی تریش هەن وەک مێژوو کە لەوانەیە زۆر خراپتریش بن.



قەیرانێکی زۆر گەورە