بەستنەوەی هەموو شتێک لە کوردستان بە سیاسەت

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان یاخود بڕیاردان، سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا، "کیشیڕۆ تۆیۆدا" بەردەوام رێگای (٥ جار بۆچی) بەکاردەهێنا. ئێستا دەمانەوێت کیشیرۆ تۆیۆدا لە قەبر ڕاست بکەینەوە و بیهێنینە کوردستان بۆ ئەوەی ئەو ڕیگا سیحریەی بۆ کرینی ئۆتۆمۆبیلێکی نوێ لە کوردستان بەکار بهێنیت:


یەکەم بۆچی: خارە کیشیرۆ بۆچی دەتەوێت ئۆتۆمبێلێکی نوێ بکڕیت؟

وەڵام: چونکە ئۆتۆمبێلە کۆنەکەم بەردەوام پێویستی بە چاککردنەوە هەیە.


دووەم بۆچی: بۆچی چاککردنەوەی بەردەوام بێزارت دەکات؟

وەڵام: چونکە ناوچەی پیشەسازی ناخۆشە و فیتەرەکان قۆڵبڕن.


سێیەم بۆچی: بۆچی ناوچەی پیشەسازی ناخۆشە و فیتەرەکان قۆڵبڕن؟

وەڵام: چونکە پەروەردەی فیتەرەکان بە منداڵی تەندروست نەبووە و حکومەت گرنگی بە ناوچەکەیان نادات.


چوارەم بۆ: بۆچی پەروەردەیان تەندروست نەبووە و حکومەت گرنگی بەناوچەکەیان نادات؟

وەڵام: چونکە زۆربەی کاربەدەستانی بریاردەر لە حکومەت و فیتەرەکان بەمنداڵی لەو قوتابخانانە خوێندویانە کە مامۆستاکان و سیستەمەکە یاریدەدەر نەبوون.


پێنجەم بۆچی: بۆچی مامۆستاکان و سیستەمەکە یارمەتیدەر نەبوون؟

وەڵام: چونکە لە بنەرەتدا مامۆستاکانیش بەجوانی فێری خۆشەویستی نیشتمان نەکراون و نیشتمان لەلای ئەوان مانای دەسەڵاتە. دەسەڵاتیش مانای زوڵمە. بۆیە ئەوانیش کە گەورە بوون نەیاندەزانی جیاوازی نێوان نیشتمان و دەسەڵات چیە تا بە ئێمەی بڵێن.


دەرئەنجام: دەتەوێت ئۆتۆمۆبیلێک بکڕیت لە کوردستان، باسەکە دەێتەوە سەر سیاسەت.


دەی وەرە ئەوجارەی "٥ جار بۆچی" لە گۆرینی کارەکەت لە یابان بەکاربهێنە.


یەکەم بۆچی: بۆچی دەتەوێت کارەکەت بگۆڕیت؟

وەڵام: چونکە من ناڕازیم.


دووەم بۆ: بۆ ناڕازی؟

وەڵام: چونکە ئیتر هیچ تەحەددایەکم نییە.


سێیەم بۆچی: بۆچی تەحەددات دەوێت؟

وەڵام: چونکە دەمەوێت زیاتر پەرە بە خۆم بدەم.


چوارەم بۆ: بۆچی پەرەدان بەخۆت بۆ تۆ گرنگە؟

وەڵام: چونکە دەمەوێت تواناکانم بەرەوپێش ببەم.


پێنجەم بۆچی: بۆچی دەتەوێت تواناکانت بەرەوپێش ببەیت؟

وەڵام: چونکە هەست دەکەم بە تەواوی خەونەکانم ناگەم.


ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە خواستی گۆڕینی پیشەیی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە پێویستی پەرەپێدانی تواناکانی خۆتدا هەیە.


ئەو کەشە نەزۆکەی کوردستان لە بەستنەوەی هەموو شتێک بە سیاسەت، خۆشی نەبینین لەژیان لەبەر سیاسەت، چ زەوقێکی خۆش دەهێلی؟ بۆیە نە چیژ لە شانۆ دەکەی نە لە هونەر نە لە ژیان بە گشتی. تەق هەرچی قیت دەبێتەوە باسی سیاسەتت بۆ دەکات. باوەڕناکەم لەجیهان بەقەد کوردستان میللەتێک هەبێت ئەوەندە حەزی لە سیاسەت بێت. بەردەرگای ماڵەکەی گوفک بێت کێشە نیە و حازرە بۆ ڕەخنە. بەڵام ناوماڵی دەبێت فول مواسەفات بێت. ئەوەش بۆت دەردەخات نیشتمان لەلای ئێمە ناو ماڵە. بەدەر لە سنوری ماڵ نیشتمان نیە.


ئای لەوە! منیش باسەکەم بردەوە سەر سیاسەت 😂 😂




سەفەری یەک دەرزەن وێستگە!