بەشداربوانی نەدیدتکۆکەی خولەکان لە هەندەران

تکایە بەس شۆی خۆتان لەمیانەی/دوای بەشداریکردنتان لە خولێک لە هەندەران بڵاوبکەنەوە! ئەو شۆیە هیچ نیە تەنها بەلاڕیدابردنی خەڵکە و شیواندنی ڕاستیەکانە. خولێک لێرە بەشداری تێدا بکەیت یان لە هۆڵەندا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت ئەگەر ناوەرۆکی خولەکە هاوشێوەی ئەوە بێت کە لە کوردستانە.


مەبەستت چیە لەوەی دێیت و بە ئێمە دەڵێی کە بەشداریت کردووە لە خولێک لە ئیسپانیا؟ مەگەر نەدیتکۆکە نەبیت و ئەوەت نەوێت بە ئێمە بڵێی ئەها من لە ئیسپانیام تۆش بویت بە هێلکەوڕوون لە هەولێر؟ ئەها من مهمترم لە ئێوە و لەدەرەوە بڕوانامە دەهێنم و تۆش قیت قیت لەسەر شەقامی کەلاری گەرم و ناخۆش دەسوڕێتەوە؟ بۆ وا لەخەڵک دەکەن وا هەستبکات کە ناخۆش دەژین؟ ڕووی راستی بابەتەکان بۆ بە جوانی نیشان نادەن؟ چەند لە ئێوە بوون بە عالمی ناسا دوای بەشداریتان لەو خولانە؟ چەند لە ئێوە بوون بە مامۆستا لەو زانکۆیانە یان تەنانەت وەک فەرمانبەرێکیش وەرگیران لە کۆمپانیایەک لەوێ. وەڵا من دکتۆر دەناسم بەشداری لە ١٠٠ خولی ئەها کردووە لەوێ و لە کەچەترین نەخۆشخانە لەوێ ناهێلن مقەستێکیش بەدەستەوە بگرێت.


دەزانن چیم بیر دێتەوە؟ ئەوکاتی تازە تواناسازی ئیعلان کرابوو، خەڵک بە پۆل دەچوون بۆ هەندەران. تێیاندابوو ڕۆژانە پۆستێکی ئەوهای بلاودەکردەوە. وای لیهاتبوو لە برا و خوشکمان زیاتر ئەوانمان دەدیت. دوای ماوەیەک هەمووان کە تیگەیشتن، وازیان هێنا. تۆش هەفتەیەک دەچیتە جێگایەک بۆ بەشداری لە خولێک، پێویست ناکات سەری ئێمە بە (I am thrilled) و ( I am pleased...) بهێشینی. ئەوە بۆ خۆت کردووە خۆ بۆ ئێمەت نەکردووە.


یەک ملیۆن ڕەسمی بە فلتەر دەگری لەوێ، ٩٩٩،٩٩٠ ڕەش دەکەیتەوە. بیرت لەسەر هیچ نیە تەنها ئەوە نەبێت ڕەسم بگری بۆ ئەو جۆرە لە پۆستانە. ئەوە لەکنەخۆی بۆ زانست و مەعریفە ڕۆیشتی. وەڵا حاشا نە بۆ زانستە نە بۆ مەعریفە. تەنها بۆ خۆبادان و خۆ زلکردنە لەسەر کەسانێک کە ڕاستی ئەوە نازانن.


ئەگەر لەگەڵ بەشداریکردنت، خەڵاتیکی نیودەوڵەتی باوەرپیکراو بهێنیتەوە، وەڵا حەقتە بڵاوی بکەیەوە. بەڵام بێی و بڕوانامەیەکی بەشداریکردن یان تەواوکردنی خوێندن بهێنی و لێرە بڵاوی بکەیەوە، وەڵا ١٠٠٠ جار نەدیتکۆکەی. هەندێک خەڵکیش ئەوە بۆ ژن پەیداکردن ومێرد دۆزینەوە بەکاردەهێنێت. وەک ئەوەیە بڵێت، بمبینن چەند قۆز و جوانم، ئەوە بۆ یەکێک شوم پیناکات یان نایەتە داوام. بۆ وادەزانن کە نازانین؟! چاک چاک دەزانین.

دەرگای بەهەشت