دوای چەندین ساڵ لە بایکۆتی توێژینەوەی زانستی و ملکەچ نەکردن بۆ کەلتورێک کە بەنەزانی و ناحەقی بەسەر مامۆستای زانکۆ سەپێنراوە، بە بەڵگە بۆتان دەسەلمێنم کەوا من و هاوشێوەکانم (کەزۆر کەمین) لەسەر حەقین.
ساڵانە ٥ ملیۆن توێژینەوەی زانستی بڵاودەکرێتەوە. ٣،٥ ملیۆن پەیتنتی داهێنان. لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، ٥ لە ١٠٠٠ کەس خەریکی توێژینەوەیە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو لافاوە لە ژمارەی توێژینەوەکان و ژمارەی توێژەرەکان، گەندەڵیەکی زانستی و رووکەشیەکی گەورە لە جوینەوەی داهێنانی ساڵانی ٦٠ ەکان و ٧٠ اکان زیاتر نیە. ئەوە قسەی من نیە، قسەی یەکێک لە توێژینەوەکانی گۆڤاری "سروشت"ە کە تیایدا ٤٥ ملیۆن توێژینەوەی زانستی و ٣،٩ ملیۆن داهێنانیان لە ساڵی ١٩٤٥ ەوە هێناوە و بۆیان دەرکەوتووە کەوا سەرەڕای زیادبوونی بەرفراوانی زانیارییە زانستی و تەکنەلۆژییە بەردەستەکان، کارە نوێیەکان زیاتر لەسەر زانیارییە کۆنەکان بنیات دەنرێن نەک زەمینەیەکی نوێ بهێننە ئاراوە. ئەگەر تۆ زیرەکی دەستکرد و ئینتەرنێتی شتەکان و سەیارەی کارەبایی و دڕۆن و کامیرای دیجیتاڵ و مۆبایل بە داهێنانی نوێ دەزانی، دەبێت دووبارە بە زانیاریەکانت لە مێژووی زانستدا بچیتەوە.
-دەزانن کەوا زۆربەی خەڵاتەکانی نۆبڵی ئەو سەردەمە بە کارە کۆنەکان دەبەخشرێت؟
-دەزانن کەوا سەرەڕای بونی دەیان ملیۆن لە تویژەر، ژمارەی توێژەرە "ڕاستەقینەکان" بەرەو کەمیەکی ترسناک ڕۆیشتووە؟
-دەزانن کەوا پێوەری (Citation) و پێوەری کاریگەری (Impact Factor) زۆرجار توێژەرەکان خۆیان پێهەڵدەکێشن لە درۆیەکی گەورە زیاتر هیچی تر نیە؟
- دەزانن کەوا ئەوەی زۆربەی توێژەرەکانی بەلاڕێدا بردووە بریتیە لە ئینکاری بونی کێشەیەکی راستەقینە کە پیویستی بە شۆڕشێک لە زانست هەبێت، قەناعەتی زۆربەی توێژەرەکان بەوەی سەردەمی دۆزینەوە گەورەکان کۆتایی هاتووە، گرنگیدان بە فۆرم و روخسار و ژمارە لەسەر حسابی سودی توێژینەوەکە بۆ بوارێکی زانستی و خەڵک؟
وەزارەتی خوێندنی بەڵا و توێژینەوەی لاستیکی هەرێم و عیراق، کەی بەهۆش خۆتان دێنەوە و تێناگەن لەوەی توێژینەوەکان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و یابان و چین بەلاڕێدا بردراوە، بەتەمان کوردستان و عێراق بیانهێننەوە سەر ڕێگا ڕاستەکەی؟ هەی ترحێو! دە تاقی بکەنەوە، پاداشتی توێژینەوەی سەقەت ڕابگرن و پارەکەی لە دامەزراندنی گەنجان یاخود پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری سەرف بکەن! مەرجی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی لە بڵاوکردنەوەی تویژینەوەی فەیک بۆ خزمەتێکی ڕاستەقینە بە کۆمەڵگە بگۆڕن! بزانە لەهەر زانکۆیەک ساڵی ١٠ توێژینەوەی راستەقینە دەبینی؟ بزانە بۆتان دەرناکەوێت زۆربەی هەرەزۆری توێژینەوەکانی پێشوو سودی ٥٠٠٠ دیناری نەبووە بۆ خەڵکی کوردستان و عیراق؟
لەبیریشت نەچێت لە هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی نەزاهەی زانستی دەرەکی بانگێشت بکەی بۆ ئەوەی بەسەرجەم پلە بەرزکردنەوە زانستیەکان لەکۆتا ١٠ ساڵی ڕابردوو دابچیتەوە، ئەوەی بەدرۆ پلەی زانستی بەرزکرابێتەوە ٣ مانگ تەجمیدی بکەی و بیخەیتە لیستی ڕەش و دواتر بە اثر رجعی چ پارەیەکی پێدراوە لێی وەرگریتەوە! دڵنیاتان دەکەمەوە مانگ نابێت ٥ ملیار دینار نەگەرێتەوە خەزێنەی وەزارەت. بە ٥ ملیاری مانگانە ٥٠٠٠ گەنج بە موچەی یەک ملێۆنی دادەمەزرێنی.
لیژنەیەک لەو ٢ توێژینەوە بکۆلێتەوە ئەوجا ڕێنمایی دەربکات، بزانن من لەسەر حەقم یان نا؟
ئەها بەڕاست: هەر توێژینەوەیەک لە فلتەری (CD index) نەدرێت و دەرنەچیت، دەبێت بخرێتە تەنەکەی خۆڵ!