زۆرجار لەخۆم دەپرسم، لەگەڵ ئەوەی بە هەزاران دەرچووی کارگێڕی و ئابووری و دارایی و ژمێریاریمان هەیە، کەچی ئاستی زانین لە کارگێڕی و ئابووری و دارایی و ژمێریاری زۆر نزمە. زۆربەی کات هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کەوا ئەوانەی لەو بوارانە لە پۆلی ١٢ بۆ کۆلیژ وەردەگیرێن، عادەتییە کەوا بە نمرەیەکی کەم وەردەگیرێن. ئەو عادەتە بۆ چەندین نەوە هەر بەردەوامە. دەگەڕێیەوە سەر نمرەی پۆلی ١٢ی مامۆستایەکی پرۆفیسۆر لە ئابوری، دەبینیت نمرەکەی ٦٥٪ زیاتر نەبووە. کەچی نابێت لە ٨٠٪ کەمتر بێت. مەگەر هارڤارد و ستانفۆرد و ئۆکسفۆرد و زۆربەی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان وانین؟!!
مەیلێکی گرنگی ئەو بەڕێزانە ئاڵۆزکردنی ئەو پسپۆڕیانەیە چونکە لە بنەڕەتدا لە بابەتەکە تێنەگەیشتوون. دەبینی ناونیشانێک هەڵدەبژێڕێت کە هیچی پەیوەندی بە هیچی دیکە نیە یان ئەوها دیزاین کراوە کە ئەصلەن تێنەگەیت. دەبینی دەنوسی: |تاثیر البراعة الاستراتیجیة علی تقلیل من التهکم الوضیفي فی بیئة الشرکات التي تستعمل الذکاء التسویقي في الازمات المالیة|! وەرە ئەوجا لەو ناونیشانە تێبگە!
نازانم چیرۆکی دامەزرێنەری یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهانیان بیستیە یان نا؟
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا بانکدارێک بە ناوی ئامادێۆ جیانینی بڕیارێکی دەگمەنی دا. لە کاتێکدا بانکەکانی دیکە دەرگایان بەڕووی کۆچبەران و کرێکاراندا داخستبوو، مێزێکی لە بازاڕ دانا. و قەرزی بەو کەسانە دا کە هیچیان لە"دارایی" نەدەزانی و باری ئابووریان زۆر خراپ بوو. کاتێک بوومەلەرزەی سانفرانسیسکۆ نیوەی ویلایەتەکەی لەناوبرد، ئامادێۆ پارەی بانکەکەی لە عەرەبانەیەکی سەوزە بارکرد (بێ گاڵتە) و لە شەقامەکەوە بەردەوام بوو لە قەرزپێدان. ئەو شتەی کە دواتر بووە بانکی ئەمریکا (Bank of America). بەڵام شتە سەیرەکە تەنها مێژوو نییە، بەڵکو چۆن خەڵک پارەکانیان وەردەگرت.
پێی دەگوتن: "من قەرزت پێدەدەم بۆ بنیاتنان. نەوەک بۆ خەون بینین."
ئەمڕۆ زۆرێک لەو دەرچووە/مامۆستایە بەڕێزانە پێچەوانەکەی دەکەن: وەک ئەوەی لە پۆدکاستێک بن یاخود لەسەر بڵندگۆی بەرنامەیەکی تیڤی بن قسەکانیان دەفرۆشن، نەک لە ژیانی ڕاستەقینەدا. بە سەیر و سەمەرە قسە دەکەن. ئاڵۆز دەنووسن. خۆشیان بەڕاستی قەناعەتیان بە سەرگرتنی قسەکانیان نیە بەڵام ئاڵۆزکردن لەسەرتا و دەرچوون لێی بە "دانەبەر" ستراتیژێکە کە زۆربەیان بەکاری دەهێنن.
بۆیە تکا دەکەم، کەباسی بابەتی بەلانس شیت و کاش فلۆ و دەرخستەی داهات و..هتد. دەکەن سەر لەخەڵک مەشێوێنن. بابەتەکان زۆر ئاسانن بەڵام بەوردەکارین. بەزمانێکی ڕاستەوخۆ قسە بکە نەوەک وەک ئەلگۆریتمێکی کۆمپیوتەر کەخۆشت نازانی ٢ هێلی لێ بنوسی. تکاش دەکەم کەوا ژمارەی خوێندکارە وەرگیراوەکانیان کەم بکەنەوە و مەرج بۆ وەرگرتنی ئەوان دابنێن. ناکرێت کەسێک بە ٥٥٪ لە کارگێڕی و ئابووری وەرگریت و چاوڕێ بکەیت ببێت بە ئابوریناس.. مەگەر دەگمەن!