بەحوکمی ئەوەی کەوا لەنزیکەوە ئاگاداری میدیا و مەیلی ڕۆژئاوام، کارێکی زۆر خراپ دەکەیت بیر لەوە بکەیتەوە بە قاچاغ بچیتە ئەوروپا. کارێکی باشیش ناکەیت پلانی مانەوە لەئەوروپا دابنێیت. خەڵکێکی زۆر لەوێ بێزارە لەدەستی پەنابەرەکان. پەنابەریش زۆرجار ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە نەک خۆیان، بەڵکو دایک و باوکیشیان لەوی لەدایک بوون. لەوانەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئەوروپا، ڕیژەیەکی بەرچاو لە کورسیەکانی پەرلەمان بۆ ئەو حیزبە سیاسیانە بروات کە بەلێنی دەرکردن/سنوردارکردنی پەنابەران دەدەن.
پەیامم بۆ ئەوانەی حەزیان لێیە ئەوروپا ببینن، پەلە مەکەن! هەندەی پێناچێت ڤیزا پێدان زۆر ساناتر دەبێت، لەبەر ئەوەی هەموو هیوایەکی مانەوەی بەنایاسایی خەڵک دەبڕن لەوێ. وەک چۆن دەچیتە دانمارک، پۆلەندا، چیک و هەنگاریا کەسیش ناوێرێت لەوێ داوای پەنابەری بکات، هەموو ئەوروپا ئەوهای لێدێت.
تۆ کە مرۆڤێکی لە چینێکی کلاسی، عیراقی بیت، ئەمریکی بیت، هیندی بیت یان ئەثیوبی، پۆلێن و پێگەی خۆت پارێزراوە. کلاس مەبەستم لە بروانامە نیە ئەوەندەی مەبەستم پاشخانی شارستانی و پیشکەوتنخوازی و ڕۆشنبیریە. ئەگەر وادەزانی رەگەزنامەی ئەمریکی، ئەڵمانی، بەریتانی دەتکاتە کلاس، زۆر هەڵەی. هەروەک ٣٠ ملیۆن ئەمریکی یان ٥ ملیۆن ئەڵمانی یاخود ٥ ملیۆن بەریتانی کلاس نزم دەبیت بەڵام پلە ٣. ڕەگەزنامە ناتکاتە مرۆڤێکی مەزنتر گەر خۆت مەزن نەبیت. بەڵگەشم؛ کێ لە ئێوە دەتوانێت ناوی ٥ دکتۆری/ئەندازیاری/ نووسەری/ڕۆشنبیری بەناوبانگی کوردیم پێ بڵێت کە ٢٠ ساڵە لە ئەوروپایە و لەوێ نیشتەجێتە مەگەر پیش ئەوەی بروات خۆی لە چینێکی کلاس نەبوبێت؟ کە خۆت نەتتوانی خۆت دروست بکەیت، ڕەگەزنامە و فۆتۆی ژێر بورجی ئیڤل دروستت ناکات.
حەقیقەتێک هەیە لەوانەیە کەمێک ناخۆش بێت بەس دەیڵێم، دوای کۆچی بەکۆمەڵی گەنجانی کورد بە قاچاخ بۆ ئەوروپا، هەر لەناوەراستی ١٩٩٠ ەکانەوە، ڕێژەی تاوانی ترسناک لەکوردستان کەمی کرد. لەبەرامبەر ئەوەش برۆن بپرسن، بزانن هەندێک لە باندە هەرە گەورەکانی تاوان و دەرمان لە سوید و ئەڵمانیا و هتد. کوردن یان نا؟! پێمان خۆش بێت یان نا، ئێمە باشترینی خۆمانمان بۆ ئەوروپا نەنارد. زۆربەیان خەریکی چیشتخانە، سەرتاشخانە، دورمانی پینەسازی، کرێکاری، ..هتد. بۆیە پیتان سەیر نەبیت کەوا لە بەریتانیا پێمان دەڵێن، پیاز فرۆشەکان. بە ڕیژەی سودمەندبونیان لە سیستەمی سۆسیال دەزانی کەوا ئێمە کێمان بۆ ئەوان ناردووە (بەراوردیان بکە بە فارسەکان بۆ نمونە!). ئەها هەر زۆرێكیش لەوانن کە دەگەڕێنەوە دەبنە یەکێک لە مەترسیدارترین چینی کۆمەڵگە چونکە وێلە بەدوای نیشتمان و ناسنامە و خۆی بەشتێکی کاتی دەزانێت لەهەردوولا و دەیەوێت لە کورترین کات زۆرترین غەنیمە کۆبکاتەوە. چۆن چۆنی؟ بۆ ئەوان، زۆر گرنگ نیە!
لەگەڵ ڕێز و تەقدیریشم بۆ کەمینەیەک لە ئەوان. دیارە من لێرە مەبەستم لە بەشێکی زۆری کوردەکانی هەرێمی کوردستانە کەبە قاچاخ ڕۆیشتوون و ئێستا لە ئەوروپا دەژین. تکایە مەسەلەکە مەبەستنەوە بە سیاسەت و ناعەدالەتی لە کوردستان و شتەکان تێکەڵ مەکەن! هەرێم چت لێبکات دوای ٢٠ ساڵ مانەوە وەک مرۆڤێکی کلاس پۆلین نەکرێیت لەوێ؟