عەرەبانەی سوپەرمارکێت

بە سروشتی خۆی، مرۆڤ زۆرکات حەزدەکات کەلێن و بۆشایی پڕبکاتەوە. یەکێک لەو شتانەی کە سەرنجت ڕادەکێشێت، گەورەیی قەبارەی ئەو عەڕەبانە و باسکێتانەیە کە لەسوپەر مارکێتەکان دادەنرێت. لەخۆتان بپرسن، چەند سەیر دەبێت عەرەبانەیەکی ئەوهات بەدەستەوە بێت و بەتاڵ بێت.


ئەوانەی بیرۆکەی سوپەرمارکێتیان داهێنا، بلیمەت بوون لە قۆستنەوەی ئەو سروشتەی مرۆڤ. هەرئەوەندە بەسە تا دەگەیتە بەردەم کاشیەرەکە و تووت تووت شتەکان حساب دەکات. کاتێک بەهۆش خۆت دێیەوە چەندین شتت کڕیوە کە پێویستت نەبووە بەڵام لەبەر ئەوەی ئیحراج نەبیت بەرامبەر خەڵکی ناو سوپەرمارکێتەکە زیان بەدارایی خۆت دەگەیەنیت. ئەوجا بۆ منداڵیش عەرەبانەیان داناوە بۆ ئەوەی کڕیاریەکەت ببێتە دووقات. هەمان دیاردەش بۆ پڕکردنی ثلاجە و مجمدە و ڕاست نیە؟


لەلایەکی ترەوە، بیردۆزی (The Shopping Cart Theory) کەسایەتی خەڵک بە ئامادەباشی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانانە بۆ شوێنی خۆی دەپێوێت. ئەوانەی کە عەرەبانەکان دەگەڕێننەوە، ئەوانەن کەوا کاری ڕاست دەکەن بەبێ ئەوەی ناچار بکرێن بیکەن. کەس سزات نادات کە عەڕەبانەکە نەگەڕاندووەتەوە، کەس غەرامەت ناکات، یان ناکوژێت بەهۆی نەگەڕانەوەی عەرەبانەی کڕین. تۆ هیچ بەدەست ناهێنیت بە گەڕاندنەوەی عەرەبانەی کڕین. کەسانی خاوەن دیسپلین و پابەندی کەسایەتی، وا هەست دەکەن دەبێت عەرەبانەکە لە چاکەی دڵی خۆیانەوە بگەڕێنننەوە.


کۆتا تێبینی: هەمیشە بازاڕکردن لەو سوپەرمارکێتانە نابێت لە کاتێک بێت کە برسیتە. ئاگاداری ئەوەش بین کەوا ئەو کەلوپەلانەی کە دەیانەوێت زووتر سەرف ببن لەشوێنێک دادەنێن کە لە ئاستی نیوەی سەرەوەی مرۆڤە.

لەسەر نەخۆشی دەروونی-کۆمەڵایەتی: دارەمەیتی قەنەفە