با منیش لە زانستی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ٣ چەمک (کە دەشتوانی پێی بڵێی ئار سی پی) دیاری بکەم کە بە پوختی پۆلێنی نەخۆشیەکانی فەرمانبەری سەرجەم دامودەزگاکان لە هەرێمی کوردستان وەسف دەکات.
جۆری یەکەم لە فەرمانبەر، بۆگەنەکان : ئەوانە جۆرێکن لەستاف کە هەمیشە خەریکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی نەرێنی و قسەوقسەڵۆک و ژەهراوی کردنی ژینگەی کارن. وەک کەڕووەکی زیان بەخشن کە لە هەر شتێک بدەن بەکەڵکی خواردنی ناهێڵن. ئەوان کەسانی نەرێنین. هەمیشە پرتەوبۆڵەیانە. هەمیشە بەهانەیەک دەدۆزنەوە کە خەڵک لەکاری خۆی بکەن و تێکیان بەردەن. بەداخەوە، ئەو دیاردەیە یەکجار بەربڵاوە و هۆکاری سەرەکی ناچوستبوونی دامەزراوەکانن.
جۆری دووەم لە فەرمانبەر، هەڵگەڕێنەکان : جەستەی فەرمانگەیەک یاخود کۆمپانیایەک وەک درەختێکی بەردار بهێنە پێش چاوی خۆت و ئەو جۆرە لەستافیش وەک ڕوەکێکی زیانبەخشی هەڵگەڕێن. لەپێناو مانەوەی خۆیان، ئەو درەختەی کە لێگەڕا بەسەری هەڵگەڕێن ئەگەر وشکیشی بکەن گرنگ نیە. ئەوانە جۆرێکن لە بەرپرس و فەرمانبەر کەوا فەرمانگە یاخود کۆمپانیا بۆ گەیشتن بە ئامانجی کەسی خۆیان بەکاردەهێنن. لەبڕی ئەوەی خزمەتی فەرمانگە یاخود کۆمپانیا بکەن، فەرمانگە یاخود کۆمپانیا دەکەنە خزمەتکاری خۆیان. ئەو جۆرە کەسە ئینتهازیانە یەک شتیان لە مێشکە، چۆن دامەزراوەکە لە خزمەت ئەجیندای کەسی خۆم بەکاربهێنم. ئەوان ماستاوچیەکی دەرەجە یەکی سەرووی خۆیانن و بەهیچ شێوەیەک گوێ بەخوارەوەی خۆیان نادەن ئەگەر دامەزراوەکە بتەپێت، مێش مێوانیان نیە. گرنگ ئەوەیە سەرەوە لێیان ڕازی ببن.
جۆری سێیەم لە فەرمانبەر، مشەخۆرەکان: چۆن مێشوولەی تەپۆ خوێن دەمژێت، ئەوانەش ئەوها وزەی دامەزراوەکە دەمژن. هەر لەخۆیەوە ئەو فەرمانگەیە بێتاقەتی و خمولی لێدەردەکەوێت و نەخۆشی پێوە دیاردەبێت. ئەوان کە لەسەر جەستەی ئەو فەرمانگەیە/کۆمپانیایە نیشتنەوە، پیری دەکەن، ترپی تەڕی تێداناهێلن و هەتا وشکی نەکەن/خۆیان تێر نەکەن واز ناهێنن. هەر دامەزراوەیەک توشی ئەو جۆرە لە مشەخۆر بوو، تەنانەت دوای ڕۆیشتنی ئەو مشەخۆرانەش زۆر بە زەحمەت ڕاست دەبێتەوە.
خوانەکا کەسێک هەبێت کە هەر ٣ خەسڵەتی لەسەر پەیڕەوبێت یان لە فەرمانگە/کۆمپانیا هەر ٣ جۆر لە فەرمانبەر هەبن، ئەوکات کارەساتە. تکایە وریای ئەوانە بن!